لە چوارچێوەی پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی بازرگانیی کۆماری چین و بە سەرپەرشتیی کۆلێجی پیشەیی و بازرگانیی نێودەوڵەتیی گوانگشی، (مامۆستای یاریدەدەر پشتیوان جەبار) مامۆستا لە بەشی زانستی کۆمپیوتەری کۆلێجی زانست وەک نوێنەری زانکۆی گەرمیان، بەشداریی لە خولێکی زانستیی تایبەت بە (بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە بواری لۆجستیک و گواستنەوەدا لە وڵاتە گەشەسەندووەکان) کرد.
خولەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە (لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ تاوەکو ٦ی ئابی ٢٠٢٦) بەردەوام بوو، لە ماوەی بەڕێوەچوونی پرۆگرامەکەدا، نوێنەری زانکۆی گەرمیان لەگەڵ نوێنەرانی (٨) وڵاتی جیاوازی جیهان بەشداریی لە حەوت سیمیناری پسپۆڕیدا کرد.
سیمینارەکان تیشکیان خستەسەر ژیریی دەستکرد، ڕۆبۆتیک، سیستەمەکانی گواستنەوە و ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتی چین لە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ بۆ گەشەپێدانی ئابووری.
تەوەرێکی دیکەی پرۆگرامەکە، ڕێکخستنی سەردانی مەیدانی بوو بۆ حەوت کۆمپانیای گەورەی تەکنۆلۆژی و لۆجستیکی لە شارەکانی پەکین و نانینگ، بەمەبەستی ئاشنابوون بە شێوازی کارکردن و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا لە گواستنەوەی کاڵاکانی وڵاتی چین بۆ سەرانسەری جیهان.
لە میانەی چالاکییەکاندا، نوێنەری زانکۆی گەرمیان بە فەرمی داوای لە سەرپەرشتیاران و ڕێکخەرانی خولەکە کرد، کە دەرفەتی زیاتری لەم جۆرە بۆ مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان بڕەخسێنرێت.
لە ڕێوڕەسمی کۆتایی پرۆگرامەکەشدا، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی کۆماری چینەوە بڕوانامەی بەشداریکردن بە (مامۆستای یاریدەدەر پشتیوان جەبار) بەخشرا.
