سوپاسى بێپایان بۆ پەروەردگارى زانا و کاردروست کە دەرفەتى ئەوەى پێداوم ئەم قۆناغەى کارکردن و خزمەتکردن بە وڵاتەکەم لە زێدى خۆم و لەزانکۆى گەرمیاندا درێژە پێبدەم.
گەرمیانى لانکەى مەردایەتى و خەبات و تێکۆشان، سمبوڵى شەهیدان و قوربانیدان، لانکەى شۆرش و فیداکارى، مێژوویەکى پڕ شانازى لە مێژووى نوێى گەلەکەمان و خەباتە رەواکەیدا هەبووە و لە دەستکەوتانەشى کە بەدەست هاتوون رۆڵەکانى پشکى شێریان لە سەرکەوتن و قوربانیداندا هەبووە. بۆیە خزمەتکردنى زۆر و بەرچاو بە گەرمیان، قەرەبووکردنەوە و سارێژکردنى برینەکانى، ئاشتکردنەوەى خەڵکەکەى بەخزمەت و گرنگیپێدانى زیاتر بێگومان نیشانەى وەفایه بۆ گەرمیانیەکان و هەنگاوێکیشە بۆ پێشخستنى وڵات. لە ناو ئەو خزمەتانەى کە حکومەتى هەرێم بۆ گەرمیانى کردووە، بێگومان بنیادنانى زانکۆى گەرمیان گرنگترین و بەرهەمدارترینیان بووە، چونکە لەمڕۆدا کە ناوەندە زانستى و ئەکادیمیەکان رۆڵ و کاریگەرى گەورەیان لە پێگەیاندنى نەوەى ئێستا و داهاتوو، چارەسەرکردنى بەشێک لە کێشە جیاوازەکانى کۆمەڵگەدا هەیە، بەدڵنیاییەوە بنیادنان، گرنگیپێدان و پێشخستنیان لە هەر شارو ناوچەیەکدا خزمەت بە تەواوى کۆمەڵگە ئەکات.
زانکۆى گەرمیان لە دروستبوونیەوە، بە هەوڵ و دڵسۆزى ستافە جیاواز و یەک لە دواى یەکەکانى، بە ئاستێکى باش لە بەدەستهێنانى متمانە و پێشکەوتن گەشتووە. لە دیدى ئێمەدا ئەم زانکۆیە هاوشێوەى درەختێکە کە ساڵانێکە خزمەت کراوەو لە ئێستادا لە گەشەکردن و گەورەبوونى زیاتردایە. ئەوەى پێویستە ئەوەیە هەوڵبدەین جگە لە زیادکردنى لق و گەڵاى تازە بۆى بە لەبەرچاوگرتنى پێویستیەکانى رۆژ و کۆمەڵگە، هاوکات کار لەسەر بەهێزکردنى رەگەکان و قەدى ئەم درەختە زانستی و پەروەردەییە بدەین. ئەمەش واتە بەلەبەرچاوگرتنى هێڵە سەرەکیەکانى سیاسەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا، پێویستیەکانى ئێستاى کۆمەڵگە، بەرنامە بەسود و واقیعیەکانى کە پێش ئێمە داڕێژراون و تەواو نەکراون یاخود کاریان لەسەر نەکراوە، تێکەڵ بە بەرنامە و پلانى خۆمان بکەین بۆ ئەوەى زانکۆکەمان لەماوەیەکى کەم و دیاریکراودا چ لە ئاستى ریزبەندى و متمانەى ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، چ لە رووى کردنەوەى بەش و بوار و ناوەندى تازەو پەیوەست بە پێویستیەکانى کۆمەڵگە و خواستى فێرخوازان بکەینەوە. هاوکات بە بەرنامە و لەرێگەى سازدانى کۆنفرانس و دیدارى زانستى جیاواز بەردەوام و هێنانى کەسانى شارەزاو بەئەزمون، کار لەسەر پرسە گرنگ و هەستیارەکان بکەین و چارەسەرى گونجاویان بۆ بخەینە روو. وە دەرفەت بۆ کار و پەیوەندى زانستى لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە زانستى و ئەکادیمیەکان لە ناوخۆ و دەرەوە بکەینەوە.
بەبڕواى ئێمە، بەشێک لە گرفتەکانى ئەمڕۆى کۆمەڵگەکەمان بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە لەلایەک ناوەندە زانستیەکان تاڕادەیەک لەسەر رێڕەو و به ئاڕاستەیەکدا هەنگاو دەنێن کە دابڕاوە کە خواست و پێویستیەکانى کۆمەڵگە، پێشکەوتنى ژیان و کۆمەڵگە لە سێ دەیەى رابردوو لەبەرچاو نەگیراوەو جیاوازییەکى بەرچاو لە بوار و ئاستى خوێندکاراندا لەم سێ دەیەدا بەدینەهاتووە. ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت چارەسەرى گونجاو بە کێشە جیاوازەکانى کۆمەڵگە بخرێتە روو. لەلایەکى تر دەسەڵات و سیاسیەکان، سەرمایەدار و کەرتى تایبەت و... ئەو متمانەیان نەبەخشیوەتە ناوەندە زانستیەکان کە پلانى ورد و زانستیان پێشکەش بکەن و کادرو پسپۆرى شارەزایان بۆ پێبگەیەنن. هەرچەندە هەوڵى دڵسۆزانە لەسەر ئاستى وەزارەت و زانکۆکان بۆ شکاندنى ئەم بەرستە نراوە، بەڵام تا ئێستا نەگەشتوینەتە ئاستى چاوەڕوانیکراو. لەم رووەوە دەمانەوێت زانکۆکەمان بکەین بە لایەنێکى چالاک و بەرهەمدار لەم پرۆسەیەدا. هاوکات دەمانەوێت دەرفەتى سنوردارى کارکردنى دەرچوانى زانکۆ بقۆزینەوە بۆ ئەوەى لەبرى ئەوەى خوێندکارەکانمان نا ئومێد بکات، وایان لێ بکەین کە بە بەرزکردنەوەى ئاستى زانست و ئەزموون و کارامەییان دەرفەتى زیاتریان پێ بدرێت و بۆ بڕەخسێت لە قۆناغى دواى زانکۆیاندا.
بەدڵنیاییەوە نیەت و بەرنامەى ستافە بەرێزەکانى پێش ئەمە، بەرنامە و پلانى ئێمەش بۆ خزمەتکردن و پێشخستنى زانکۆى گەرمیان، پێگەیاندنى نەوەیەکى کارامە و لێهاتووە بۆ کۆمەڵگە. ئەم نیەتە بەسود و پیرۆزەش پێویستى بە هیمەت و پشتیوانى هەمەلایەنە هەیە بەتایبەت ئێمەى خانەخوێ لە ستافە جیاوازەکانى زانکۆ، و لە خەڵکە دلسۆزو دەستڕۆیشتووەکانى گەرمیان، تا پێکەوە ئەم سمبوڵە زانستیەى گەرمیان زیاتر پێش بخەین و هاوشێوەى خەبات و قوربانیدانى گەرمیانیەکان، زانکۆکەشى ببەینە ڕیزى زانکۆ پێشەنگەکانى شارەکانى ترى کوردستان و عێراق. بەهیوام لەم خزمەتەدا کارو بەرهەممان لە قسەو گوتارمان زیاتربێت.