ڕۆژی دووشەممە (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، (د.بورهان محەمەد فەرەج) ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیانی کرد و لەلایەن (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆوە پێشوازی لێکرا.
سەردانەکەی بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی زیاتری (ناوەندی شێروانە بۆ دۆکیومێنت و توێژینەوەی ئەکادیمی) بوو، کە تێیدا ژمارەیەک نووسراو و بەڵگەنامەی مێژوویی گرنگ و بەپێزی پێشکەش بە ناوەندەکە کرد، بە ئامانجی پاراستنیان و خستنەبەردەستی توێژەران.
لە دیدارەکەدا، کە (م.ی.سەباح عەلی جاف) بەڕێوەبەری ناوەندی شێروانە بۆ دۆکیومێنت و توێژینەوەی ئەکادینی ئامادەیبوو، سەرۆکی زانکۆ وێڕای دەستخۆشی و پێزانینی زۆری بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی (د.بورهان)، جەختی لە گرنگی کۆکردنەوە و پاراستنی ئەم جۆرە بەڵگەنامە مێژووییانە کردەوە کە خزمەت بە مێژوو و ناسنامەی ناوچەکە دەکەن.
جێی ئاماژەیە، پێشتر و لە کاتی مەراسیمی کردنەوەی ناوەندەکە، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم کەسایەتی، ڕۆشنبیران و دامەزراوەکان کردبوو، کە هەر دۆکیۆمێنتێکی مێژوویی، دەستنووس، نامە یان بەڵگەنامەیەکیان لەبەردەستدایە کە بەهای مێژوویی و زانستی هەیە، پێشکەشی ناوەندەکەی بکەن، ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆش لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی ئەو بانگەوازە نیشتمانی و زانستییە دێت.
