لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوە زانستییەکان و پەرەپێدانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت کە توانیویەتی هەژماری فەرمی (Admin Account)ی تایبەت بە زانکۆ لەسەر پلاتفۆڕمی نێودەوڵەتی (ClinicalTrials.gov) تۆمار بکات.
ئەم دەستکەوتە نوێیە کارئاسانییەکی پێشکەوتوو بۆ مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆ دابین دەکات، تاوەکو لەمەودوا بتوانن پرۆپۆزەڵ و ئەنجامی توێژینەوە پزیشکی و کلینیکییەکانیان بە شێوازێکی فەرمی لەم پلاتفۆڕمە جیهانییەدا تۆمار بکەن.
پلاتفۆڕمی (ClinicalTrials.gov) کە لەلایەن (کتێبخانەی نیشتمانی پزیشکی ئەمریکا U.S. National Library of Medicine) بەڕێوەدەبرێت و لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)ەوە دانیپێدانراوە، بە یەکێک لە باوەڕپێکراوترین سەکۆکان دادەنرێت بۆ تۆمارکردنی توێژینەوە کلینیکییە دەستوەردانییەکان (Interventional Clinical Studies) و توێژینەوە چاودێرییەکان (Observational Studies).
جێگای ئاماژەیە، لە ئێستادا زۆرێک لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکانی جیهان (Q1, Q2)، بوونی ژمارەی تۆمارکردن (Registration Number) لەم پلاتفۆڕمەدا وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ قبوڵکردن و بڵاوکردنەوەی توێژینەوە پزیشکی و کلینیکییەکان دادەنێن.
بەدەستهێنانی ئەم هەژمارە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پتەوکردنی پێگەی ئەکادیمی زانکۆی گەرمیان و ئاسانکاری بۆ توێژەرانمان لە پێشکەشکردنی توێژینەوەکانیان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
بۆ بینینی لیستی ئەو دامەزراوە ئەکادیمییانەی کە هەژماری فەرمییان لەم پلاتفۆڕمەدا هەیە، دەتوانن سەردانی ئەم لینکە بکەن:
