زانکۆی گەرمیان، وەک ئەندامێکی سەرەکی لە پڕۆژەی نێودەوڵەتیی (RISE)، بەشداریی لە قۆناغێکی دیکەی چالاکییەکانی پڕۆژەکەدا کرد، کە تایبەت بوو بە پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی خوێندکاران (RISE Start-Cup Competition).
پێشبڕکێکە بە بەشداریی زانکۆ نێودەوڵەتییەکانی وەک زانکۆی (UNINT)ی ئیتاڵی و زانکۆی مورسیای ئیسپانی، شانبەشانی زانکۆکانی کوردستان (گەرمیان، پۆلیتەکنیکی دهۆک، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، پۆلیتەکنیکی هەولێر، زاخۆ و ئاکرێ)، لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بەڕێوەچوو.
زانکۆی گەرمیان بە پڕۆژەی زانستیی (Eco Fresh Shield) بەشداریی لەم کێبڕکێ نێودەوڵەتییەدا کرد، کە لەلایەن هەردوو خوێندکاری بەشی زانستی خۆراک و خۆراکزانی (سۆز غازی و ترێ بەژدار) و بە سەرپەرشتیی (م.ی.کاڵێ ئیبراهیم)، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییە ئەکادیمی و نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ ئامادە کرابوو.
ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکەی خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، بەرهەمهێنانی ماددەیەکی پارێزەری سروشتییە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی میوە و سەوزە بە تازەیی، ئەویش لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە پێکهاتە چالاکەکانی ناو توێکڵی هەنار و گەڵای زەیتوون.
پڕۆژەی (RISE) کە سەر بە پڕۆگرامی (+Erasmus)ە، لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت و ڕێکخراوی (UNIMED) سەرپەرشتیی دەکات، پڕۆژەکە لە شوباتی (٢٠٢٥) دەستیپێکردووە و تاوەکو (کانوونی دووەمی ٢٠٢٧) بەردەوام دەبێت، ئامانج لێی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هاندانی خوێندکاران بۆ پڕۆژەی سەربەخۆ و ئامادەکردنی دەرچووانە بۆ بازاڕی کار.
