بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و سەلامەتیی زانکۆی گەرمیان، بە هەماهەنگی لەگەڵ مەڵبەندی تەندروستیی سەرەکیی شێروانە، هەڵمەتێکی پێدانی ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزای وەرزیی بۆ ستافی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران ئەنجامدا.
پڕۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بە چەند قۆناغێک جێبەجێ کرا و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆ لێی سوودمەند بوون، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی و پاراستنی ڕەوتی خوێندن.
پسپۆڕانی تەندروستی جەخت لە گرنگیی وەرگرتنی ساڵانەی ئەم ڤاکسینە دەکەنەوە، چونکە دوای نزیکەی دوو هەفتە بەرگریی تەواو دژی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا دروستدەکات، ڕێژەی تووشبوون کەمدەکاتەوە و ڕێگری لە ماکە مەترسیدارەکانی دەکات.
ئەم چالاکییە بەشێکە لە ستراتیژیی سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی و خۆپارێزی لە ناو کەمپی زانکۆدا.
