ڕۆژی سێشەممە (١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، بە ئامادەبوونی (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، وۆرکشۆپێکی تایبەت بە تاوتوێکردنی پڕۆپۆزەڵی دامەزراندنی زانکۆی خانەقین بەڕێوەچوو.
پڕۆپۆزەڵەکە لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە فەرمانی سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان، لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە ئامادە کراوە.
لە وۆرکشۆپەکەدا کە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆلێجەکانی خانەقین و لێپرسراوی هۆبەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەر سێ کۆلێجەکەی خانەقین تێیدا ئامادەبوون، وردەکاری و ڕەهەندە جیاوازەکانی پڕۆپۆزەڵە پێشنیارکراوەکە خرایەڕوو.
لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا، (پ.د.عزەدین جومعە دەروێش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆپۆزەڵەکەیە، باسی لە بیرۆکە و فەلسەفەی دامەزراندنی زانکۆی خانەقین کرد، دواتریش (پ.ی.د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ئەندامی لیژنەکە، دیدگا و پەیام و ئامانج و ئەرکەکانی زانکۆ نوێیەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی وۆرکشۆپەکەدا، ئەندامانی دیکەی لیژنەکە، کە پێکهاتبوون لە هەریەکە لە (پ.ی.د.عەلی جەبار) ڕاگری کۆلێجی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیای زانیاری، (د.ئەڤین هیدایەت ئەحمەد) بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان و (د.محەمەد یوسف شکور) یاریدەدەری ڕاگری کۆلێجی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیای زانیاری، تیشکیان خستەسەر ژێرخانی ئێستای کۆلێجەکانی خانەقین، هەروەها ئامار و زانیارییەکانی پەیوەست بە میلاکاتی مامۆستایان و فەرمانبەران و پەیکەری کارگێڕیی پێشنیارکراوی زانکۆی خانەقینیان ڕوونکردەوە.
کۆتایی وۆرکشۆپەکە تەرخانکرا بۆ گفتوگۆی کراوە و وەڵامدانەوەی سەرنج و پێشنیاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئامادەبوو لەبارەی ناوەڕۆکی پڕۆپۆزەڵەکەوە.
