ڕۆژی چوارشەممە (٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، بە ئامادەبوونی (پ.د.ئاراس فەریق زەینڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، سەنتەری ڕاوێژکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتیی زانکۆمان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو ڕێکخراوی (ڤیژن ئەید) و (سپارک)ی هۆڵەندی، خولێکی چڕی یەک ڕۆژەی بە ناونیشانی (ڕێگریکردن لە توندڕەوی و توندوتیژی) کردەوە.
لە دەستپێکی خولەکەدا، کە هەریەکە لە (پ.ی.د.چیا محەمەد حەسەن) سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و (م.محەمەد ئەحمەد) بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان تێیدا ئامادەبوون، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لە وتەیەکدا خۆشحاڵیی خۆی بە بەڕێوەچوونی ئەم خولە دەربڕی، کە لە چوارچێوەی پرۆژەی (پاث - PATH) و بە پاڵپشتیی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ڕێکخراوە.
وتیشی: “ئێمە بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام، تەندروست و دوور لە هەموو جۆرە توندوتیژی و توندڕەوییەک، بنەمای سەرەکیی پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار و داهێنەرە”.
خولەکە تایبەت بوو بە ستافی سەنتەرەکانی هەردوو زانکۆی گەرمیان و پۆلیتەکنیکی گەرمیان، لەگەڵ توێژەر و ڕاوێژکارانی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان.
گرنگیی ئەم پرۆژە و ڕاهێنانانە لەوەدایە، کە ڕاستەوخۆ وەبەرهێنان لە توانای ستافی سەنتەرەکان و ڕاوێژکارانی دەروونی و کۆمەڵایەتیدا دەکات، چ لە ناو زانکۆ و چ لە سنووری پەروەردەی گەرمیاندا. هاوکات، کاراکردنی “سیستەمی ڕەوانەکردن” میکانیزمێکی زانستی و کردارییە بۆ ئەوەی خوێندکار هەر لە سەرەتاوە پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتیی پێبگات و نەکەوێتە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکان.
