لە دەستکەوتێکی زانستیی نوێدا بۆ زانکۆی گەرمیان، (د.حەیدەر ئیبراهیم محەمەد) مامۆستا لە بەشی فیزیای کۆلێجی پەروەردە، توانی پلەی دووەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنێت لە ڕیزبەندی باشترین توێژەرانی جیهان لە بواری ئەندازیاریی میکانیک و فڕۆکەوانیدا (Mechanical and Aerospace Engineering) بۆ ساڵی 2026.
ئەم ڕیزبەندییە لە لایەن پلاتفۆرمی جیهانیی بەناوبانگ (Research.com) لە پێنجەمین چاپی ساڵانەی خۆیدا ڕاگەیەندراوە، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر کاریگەریی زانستی و کۆششەکانی توێژەران لەسەر ئاستی جیهان و وڵاتان.
ئەم پۆلێنکردنە نێودەوڵەتییە لەسەر بنەمای داتا و پێوەرە زانستییە وردەکانی داتابەیسە جیهانییەکانی وەک OpenAlex و CrossRef ئەنجامدراوە و دیاریكردنی ناوی توێژەران بەپێی چەند پێوەرێکی سەرەکییە، کە پێکهاتوون لە (کوالێتی و ژمارەی توێژینەوە بڵاوکراوەکان، Citations و H-index).
بەم بۆنەیەوە، سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی (د. حەیدەر ئیبراهیم محەمەد) دەکات بۆ ئەم دەستکەوتە پڕبایەخە، کە بەشدارێکی گرنگە لە بەرزکردنەوەی پێگەی زانستیی هەرێمی کوردستان و عێراق لە نەخشەی توێژینەوەی جیهانیدا.
