لە مەراسیمێکی تایبەتدا کە ڕۆژی دووشەممە، (٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) لە هۆڵی مەراسیمەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو، (د.ئارام محەمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێشکەش بە (٥١) مامۆستای زانکۆکانی کوردستان کرد، لە بەرامبەر بەدەستهێنانی داهێنانی زانستی (براءة الاختراع).
لەو مەراسیمەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان، ڕاوێژکاران، بەڕێوەبەرانی گشتی و توێژەران بەڕێوەچوو، دوو مامۆستای زانکۆی گەرمیان لە بەشی کیمیای کۆلێجی پەروەردە کە پێکهاتوون لە (پ.ی.د.ڕاماڵ ئەحمەد مستەفا) و (م.سروە هاشم محەمەد)، لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە خەڵاتکران و بڕوانامەی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.
لە وتارێکدا، (د.ئارام محەمەد قادر) رایگەیاند: جێگەی شانازییە لە کۆی ئەو (٥١) داهێنانە، (٢٥) پڕۆژەیان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان تۆمارکراون و بەشێکی دیکەشیان لە ناوەوەی وڵات و وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ تۆمارکراون.
وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لەوەکردەوە کە ئەم سەرکەوتنە، نەک تەنها شانازییەکی گەورەیە بۆ وەزارەت و زانکۆکان، بەڵکو ئاماژەیەکی گرنگە بۆ بوونی توانای ڕەسەن و ناوازە لە زانکۆکاندا لەپێناو توێژینەوەی زانستی و بەرهەمهێنانی زانیاری.
لایخۆیەوە، (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، دەستخۆشی و پیرۆزبایی گەرمی لەم دوو مامۆستایەی زانکۆ کرد و دووپاتی کردەوە کە سەرۆکایەتی زانکۆ بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ستافی ئەکادیمی و خوێندکاران لەپێناو پێشخستنی زیاتری ئاستی زانستی و ئەنجامدانی توێژینەوەی کوالێتی بەرز.
