له چوارچێوهی ههوڵهكانی زانكۆی گهرمیان بۆ بهدیجیتاڵكردنی دامهزراوهكانی و سوودوهرگرتن له توانای فێرخوازان، سیمپۆزیۆمێکی زانستی بەناونیشانی "نەخشەسازی زانکۆی زیرەک؛ بەهرەی خوێندکار و ژێرخانی تەکنەلۆژیا" بۆ خستنەڕووی پێنج سیستهمی گرنگ ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە ڕۆژی پێنجشەممە (٢١ی ئایاری ٢٠٢٦) بە ئامادەبوونی (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پ.ی.د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سهرۆكی زانکۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و سەرۆکی بەشی کۆمپیوتەر و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی زانکۆ بەڕێوەچوو.
سەرجەم سیستمەکان لەلایهن خوێندكارانی بهشی زانستی كۆمپیوتهرهوه دروستکراون و پهرهیان پێدراوە کە نیشاندهری ئاستی بهرزی زانستی ئەوانە بۆ دۆزینهوهی چارهسهری پراكتیكی.
سیمپۆزیۆمەکە چەند ئامانجی سەرەکی لەخۆگرتبوو، لەوانەش پیشاندانی توانای خوێندکاران لە دروستکردنی سیستمی پێویست بۆ بەشە جیاوازەکان، هاندانی داهێنان و کێبڕکێی زانستی بۆ چارەسەری کێشە کارگێڕی و داراییەکان، و دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لە نێوان بەشی کۆمپیوتەر و سەرۆکایەتی زانکۆ.
سیستەمەکان لەلایەن (م.ی.پشتیوان جهبار كهریم) سهرپهرشتیاریکراوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بەپێی پێویستی و تایبەتمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆ دروستکراون.
پڕۆژەی یەکەم بریتی بوو لە (سیستەمی بەڕێوەبردنی بەشەناوخۆییەکان) کە لەلایەن خوێندکار (ڕزگار محەمەد ڕەشید) پەرەی پێدرابوو، کار دەکات بۆ ئۆتۆماتیکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندکاران و دابینکردنی ئەپڵیکەیشنێکی ناوەندی بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەکارنەهێنانی کاغەز.
پڕۆژەی دووەم تایبەت بوو بە (سیستەمی هەگبەی زانستی و چالاکی مامۆستایان) کە لەلایەن تیمێکی خوێندکاران (محەمەد ئەکبەر عەبدوڵڵا، ئەحمەد کەمال حەسەن و لاوکۆ تەها حەسەن) دروستکرابوو، کار لەسەر بە دیجیتاڵکردنی چالاکییەکان بۆ مهبهستی دڵنیایی جۆری و ئاسانکاری لە هەژمارکردنی خاڵە زانستییەکان دەکات.
پڕۆژەی سێیەم پلاتفۆرمی (دەرفەتی کار بۆ فێرخوازان) بوو کە لەلایەن تیمی خوێندکاران (ڕەنو ڕەهێل ئەبوبەکر، بەهەشت نەوزاد حارس و هێدی خەلیل حەمەساڵح) پەرەی پێدرابوو، بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ فێرخوازان و دەرچووانی زانکۆ لە ڕێگەی بەستنەوەیان بە کۆمپانیا و پەیمانگە تایبەتەکانەوە.
پڕۆژەی چوارەم بریتی بوو لە ئەپڵیکەیشنی (چالاکی زانستی خوێندکاران) کە لەلایەن تیمی خوێندکاران (دانا عوسمان عەبدولڕەحمان، ئەیوب نەسرەدین مستەفا و کامیار ڕەئوف حەمەساڵح) ئامادەکرابوو، تایبەتە بە ئەرشیفکردنی پڕۆژەکانی دەرچوون، ڕاپۆرت و سیمینارەکان و دابینکردنی فەزایەکی دیجیتاڵی بۆ هەڵسەنگاندنیان لەلایەن مامۆستایانەوە.
پڕۆژەی پێنجەم و کۆتایی (سیستەمێکی تایبەت بە گەنجینەی زانکۆ) بوو کە لەلایەن خوێندکار (شادی نجم الدین حسن) دروستکرابوو، بە وردی کار لەسەر کۆدکردن و تۆمارکردنی سەرجەم کەلوپەلەکانی کۆگای ناوەندی و کۆگای کۆلێجەکانی زانکۆ دەکات.
دوای خستنەڕووی سەرجەم پڕۆژەکان، (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرجەم خوێندکارە بەشداربووەکان و مامۆستای سەرپەرشتیار و ستافی مامۆستایانی بەشی زانستی کۆمپیوتەر کرد، کە توانیویانە ئەم پۆلە خوێندکارە بەهرەمەند و لێهاتووە بۆ خزمەتی زانکۆ پێبگەیەنن.
ڕاشیگەیاند وەک سەرۆکایەتی زانکۆ شانازی بە تواناکانی ئەم خوێندکارانەوە دەکەن، کە دڵسۆزانە لە خەمی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانیدان، هاوکات بەڵێنی پێدان کە بەوپەڕی تواناوە پاڵپشت و پشتیوانی کار و پڕۆژەکانیان دەبن، چ لە ئێستادا و چ بۆ داهاتووش.
دواتر لەلایەن ئامادەبووانەوە پرسیار و ههڵسهنگاندنی ورد بۆ سیستهمهكان کرا بە مهبهستی دڵنیابوونهوە له لایهنی تهكنیكی و پاراستنی داتاكان.
لە کۆتاییشدا بڕوانامەی ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەخشرایە مامۆستایانی سەرپەرشتیاری خوێندکاران و خوێندکارە بەهرەمەندەکانی بەشی زانستی کۆمپیوتەر.
