لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی لایەنی کارگێڕی و بەرەوپێشبردنی ژێرخانی تەکنەلۆجی، ڕۆژی سێشەممە (١٢ی ئایاری ٢٠٢٦)، بە سەرپەرشتی (پ.د.عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە کاراکردنی پڕۆگرامی (ڕۆز) بۆ داتاکردن و ئۆنلاینکردنی گەنجینەی ناوەندی زانکۆ بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسی هۆبەی کۆگاکانی کۆلێجەکان ئامادەیبوون، تیشک خرایەسەر گرنگی ئەم هەنگاوە لە خێراکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، (م.ی.دیار عومەر مستەفا)، ئامادەکاری پڕۆگرامەکە، سیمینارێکی کورتی پێشکەشکرد و تێیدا بەرچاوڕوونی تەواوی دایە ئامادەبووان سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی سیستمەکە و سوودە ستراتیژییەکانی بۆ زانکۆ.
ئەم سیستمە کە بە ئەزموونێکی مۆدێرن و نوێ لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێم دادەنرێت، چەندین خزمەتگوزاری گرنگ پێشکەش دەکات، لەوانە (سیستمی (QR-CODE) دروستکردنی کۆدی تایبەت بۆ هەر کەلوپەل و شتومەکێکی گەنجینە بۆ ئاسان دۆزینەوە و چاودێریکردن، ناسنامەی ئەلیکترۆنی (ID) پێدانی کۆدی ناسنامەی ئۆتۆماتیکی بە هەموو کەلوپەلەکان، توانای کۆگاکردن پڕۆگرامەکە لە قۆناغی ئێستادا توانای داخڵکردنی زانیاریی زیاتر لە (١٥,٠٠٠) پازدە هەزار پارچە کەلوپەلی هەیە، هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ حیساباتی ئۆتۆماتیکی لە نێوان گەنجینەی ناوەندی و سەرجەم کۆلێج و بەشەکانی زانکۆ.
ئەم پڕۆژەیە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ دەبینرێت لە کارەکانی زانکۆی گەرمیاندا، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی ڕۆتین، زیادکردنی شەفافیەت لە پاراستنی سامانی گشتی و خێراکردنی پڕۆسەی دابینکردنی پێداویستییەکانە.
