ڕۆژی یەکشەممە (٣ی ئایاری ٢٠٢٦)، بە ئامادەبوونی (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، مەراسیمی کۆتاییهاتن و دابەشکردنی بڕوانامە بۆ بەشداربووانی پڕۆگرامی (داهاتووی سەوز و دیجیتاڵ) لە هۆڵی شێروانەی کۆلێجی زانست بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە (ڕامیار عەبدولڕەحمان) جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و (کاوە جەبار) بەڕێوەبەری کار و ڕاهێنانی پیشەیی گەرمیان و ستافی سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ و نوێنەرانی ماڵی داهێنان لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە وتەیەکدا، (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) تیشکی خستەسەر گرنگی ئەم جۆرە پڕۆژانە و ڕایگەیاند: "زانکۆی گەرمیان ئامانجێتی بەردەوام پشتگیری گەنجانی خاوەن پڕۆژە بکات و هەماهەنگییەکی کارا لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دروست بکات، ئەوەش بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی کار و پەرەپێدانی تواناکان."
پڕۆژەی (داهاتووی سەوز و دیجیتاڵ) تایبەتە بە گەشەپێدانی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان، لەم خولەدا (١٢) گەنج لە خوێندکاران و دەرچووان و گەنجانی سنوورەکە هەڵبژێردرابوون، کە دوای وەرگرتنی ڕاهێنان و ڕاوێژکاریی پێویست (٧) بەشداربوویان توانییان پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەکانیان بەدەستبهێنن.
شایەنی باسە ئەم پڕۆگرامە بە هەماهەنگی (سەنتەری پەرەپێدانی کار) لە زانکۆی گەرمیان و لەلایەن (ماڵی داهێنان) و ئاژانسی (GIZ)ی ئەڵمانی جێبەجێ کراوە، کە بەشێکە لە دەستپێشخەری تیمی ئەوروپا و بە هاوبەشی دارایی یەکێتی ئەوروپا و کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا پاڵپشتی دەکرێت.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بڕوانامەی بەشداریکردن و ڕێزلێنان بەسەر بەشداربووان و سەرکەوتووانی پڕۆگرامەکەدا دابەشکرا.
