بە مەبەستی پاراستنی ماف و تایبەتمەندی و سەلامەتی بەشداربووانی توێژینەوەکان و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە توێژینەوەی زانستییدا، زانکۆی گەرمیان ڕێبەر و فۆرمەکانی "ئیتیک و دەسپاکی توێژینەوەی زانستی" (Research Ethics and Integrity) پەسندکرد و خستیە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم بڕیارە دوابەدوای فەرمانێکی زانکۆیی لە ڕێکەوتی (٢٠/١/٢٠٢٦) هات، کە تێیدا لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پێکهێنرا، لیژنەکە پاش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ، توانی ڕێکارە پێویستەکان و فۆرمەکانی وەرگرتنی ڕەزامەندی ئیتیکی دابڕێژێت.
ڕێبەری ئیتیک و دەسپاکی توێژینەوە (Research Ethics and Integrity Guideline)، کە لەلایەن لیژنەکەوە ئامادەکراوە، وەک بنەمایەکی ئاکاریی و زانستی کار دەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر زیانێكی جەستەیی، دەروونی یان یاسایی، و پاراستنی ناوبانگی ئەکادیمیی زانکۆى گەرمیان.
لە بەشێکی دیکەى ئەنجامی کاری لیژنەکە، داڕشتنی دوو جۆر فۆڕمە، ئەوانیش ( فۆرمی ژمارە یەک: توێژینەوەی مرۆیی و ئاژەڵی (Human and Animal Research) تایبەت بەو توێژینەوانەی کار لە سەر مرۆڤ و زیندەوەراندا دەکەن، هەروەها (فۆرمی ژمارە دوو: توێژینەوەی نا-زیندەیی (Non-living Subject Research) بۆ ئەو تویژینەوانەی مامەڵە لە گەڵ داتا، ماددە، سیستەمە تەکنیکییەکان دەکەن.
لەمەوبەدوا وەرگرتنی "ڕەزامەندی ئیتیکی توێژینەوەی زانستی" دەبێتە مەرجێکی بنەڕەتی بۆ هەموو ئەو توێژینەوانەی لە زانکۆی گەرمیان ئەنجام دەدرێن و سروشتیان وایە کە پێویستیان بە وەرگرتنی ئەم ڕەزامەندییە هەیە.
هەروەها لە گۆڤارە زانستییەکانی زانکۆماندا (پاسار و ئاران) مەرج دادەنرێت بۆ هەموو ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر مرۆڤ و زیندەوەران دەکرێن، دەبێت پێشوەختە "ڕەزامەندی ئیتیکی توێژینەوەی زانستییان" وەرگرتبێت وەک مەرجێک بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانیان.
ئەندامانی لیژنەکە پێکهاتوون لە: (پ.ی.د.غازی بەهرۆز جمعه – پسپۆڕی ئەندازیاری، پ.ی.د.سامان محەمەد ئەمین – پسپۆری بایۆلۆجی، پ.ی.د.ئەسعەد محەمەد مەحمود – پسپۆری كشتوكاڵ، پ.ی.د.ئازاد حەمە عەلی – پسپۆڕی كيميا، پ.ی.د.هۆشمەند عەلی کەریم – پسپۆڕی دیراساتی ئیسلامی، م.ی.سیروان شوکر سەمین – پسپۆڕی یاسا، د.هەڵمەت فایەق درویش – پسپۆڕی پەروەردەی دهروونناسی، د.نازدار قدرت – پسپۆڕی پەرستاری)
