لە چوارچێوەی پەرەپێدانی تواناکانی ستافی ئەکادیمی و بەهێزکردنی کەرتی کارسازی، مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان بەشداری لە خولێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ڕاهێنانی ڕاهێنەران (TOT) کرد؛ کە بە ناونیشانی (داهاتوویەکی سەوز و دیجیتاڵ) بەڕێوەچوو.
لەو چالاکییەدا کە لە نێوان ڕێکەوتی (٥ بۆ ٩ی نیسانی ٢٠٢٦) و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام بوو، (م.ی.محەمەد حەسەن ساڵح) لێپرسراوی هۆبەی کارسازی لە زانکۆی گەرمیان، وەک نوێنەری زانکۆ بەشداری تێداکرد.
ئەم خولە لەلایەن ئاژانسی گەشەپێدانی ئەڵمانی (GIZ) و بە هاوکاری ماڵی داهێنانی سولی ڕێکخرابوو، ئامانجی سەرەکی پەرەپێدانی لێهاتووییەکانی گەنجان و مامۆستایانە لە بوارە نوێیەکانی کارسازیدا.
پڕۆژەی داهاتوویەکی سەوز و دیجیتاڵ وەک دەستپێشخەرییەکی تیمی ئەوروپا و بە پاڵپشتی دارایی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا کار دەکات بۆ پشتیوانیکردنی گەنجانی کارساز لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەش (سلێمانی، دهۆک، کەلار، ڕانیە و کۆیە).
ناوەڕۆکی ڕاهێنانەکان جەخت لەسەر تەوەرە گرنگەکانی وەک بەدیجیتاڵکردنی بزنس، ستراتیژییەکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیڕەوکردنی ڕێگەی دۆستی ژینگە (سەوزکردن) بۆ بەردەوامیی کارەکان و داڕشتنی پلانی تۆکمەی کار دەکەنەوە.
لە کۆتایی خولەکەدا، مەراسیمێکی تایبەت بە ئامادەبوونی خاتوو (کوێستان محەمەد) وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو، کە تێیدا بڕوانامەی ڕێگەپێدانی نێودەوڵەتی بەخشرایە بەشداربووان، بەمەش لێپرسراوی هۆبەی کارسازی زانکۆمان وەک ڕاهێنەرێکی ڕێگەپێدراو دەتوانێت ئەم پرۆگرامە زانستی و پراکتیکییە لە سەنتەر و ناوەندەکانی زانکۆی گەرمیان بۆ خوێندکاران و گەنجانی ناوچەکە بڵێتەوە.
