ڕۆژی چوارشەممە (٢٠٢٦/٥/٦)، بە ئامادەبوونی (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی زانستی و فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وۆرکشۆپێکی ئەکادیمیی تایبەتی لەژێر ناونیشانی (لە ستراتیژییەوە بۆ کاریگەری: ڕێگا و ڕێبازەکانی RISE بۆ نێودەوڵەتیبوون، گەشەپێدانی کار و بەرزکردنەوەی توانا) ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و سەنتەری گەشەپێدانی کار (CDC) لە هۆڵی شێروانە لە کۆلێجی زانست بەڕێوەچوو.
لە بەشێکی وۆرکشۆپەکەدا، کە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و ژمارەیەک لە سەرۆکی بەشە زانستییەکانی زانکۆ ئامادەبوون، ئەو مامۆستایانەی کە پێشتر وەک شاندێکی زانستی سەردانی زانکۆی نێودەوڵەتی ئیتالیا و زانکۆی مۆرسیای ئیسپانیایان کردبوو، ئەزموونی ئەو زانکۆیانەیان لە بوارەکانی کارسازی و گەشەپێدانی کار، پڕۆسەی بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان، سیستەمی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام (SDGs) خستە ڕوو.
تەوەرێکی سەرەکی وۆرکشۆپەکە تەرخانکرابوو بۆ چۆنیەتی کاراکردنی ڕۆڵی سەنتەری گەشەپێدانی کار (CDC)، بەشداربووان جەختیان لەسەر بەستنەوەی چالاکییەکانی سەنتەرەکە بە بازاڕی کار کردەوە، بە ئامانجی ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ قۆناغی دوای زانکۆ و ئاشناکردنیان بە پێداویستییە نوێیەکانی کار.
وۆرکشۆپەکە بەشدارییەکی کاریگەری تێدابوو لەلایەن ( سیلڤیا مارکیۆنی (Silvia Marchionne) نوێنەری یەکێتی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست (UNIMED)، کە تیشکی خستەسەر گرنگی هاوکاری نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (RISE) و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو پڕۆژە نێودەوڵەتییانە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن.
