زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان لە زانکۆی گەرمیان ئەنجامدرا

2026-05-05

ڕۆژی سێشەممە (٢٠٢٦/٥/٥)، لە هۆڵی شێروانەی زانکۆی گەرمیان و بە ئامادەبوونی (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان بۆ هاوینی ٢٠٢٥ بە خوێندکاران و ناوەندەکانی کەرتی تایبەت بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا، کە لەلایەن سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار (CDC) ڕێکخرابوو، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ڕاگری کۆلێجەکان نوێنەرانی کەرتی تایبەت و خوێندکاران ئامادەی بوون.

لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، (م.ی. چنور مەحمود) بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار، تیشکی خستەسەر بایەخی پرۆگرامەکە و ڕایگەیاند: "لە خولی ئەمساڵدا (١٤٠) خوێندکار توانیویانە لە (٤٠) ناوەندی جیاوازی کەرتی تایبەت ئەزموونی کارکردنی پراکتیکی وەربگرن، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشناکردنیان بە ژینگەی کار”.

دواتر، (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: "پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان پردێکی گرنگە بۆ بەستنەوەی ئەو زانستە تیۆرییەی خوێندکاران لە هۆڵەکاندا وەریدەگرن بە واقیعی بازاڕی کارەوە”.

سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بە ڕۆڵی حکومەت کرد لەم بوارەدا و وتی:” ئەم پڕۆژەیە بە دەستپێشخەریی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، دیدگای بەڕێزیان بۆ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کار، وایکردووە ئەمڕۆ ئەم پرۆگرامە ببێتە یەکێک لە سەرکەوتووترین بەرنامەکانی نێوان زانکۆ و بازاڕ”.

هەروەها ئاشکراشیکرد کە زانکۆی گەرمیان بەشێکی سەرەکییە لەو دەستە نوێیەی کە بە ڕاسپاردەی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ زیادکردنی هەلی کار و ڕاهێنانی خوێندکاران پێکهێنراوە.

لە کۆتایی وتەکەشیدا سوپاسی سەرپەرشتیارانی کۆمپانیا و ناوەندەکانی کەرتی تایبەتی کرد بۆ هاوکاری و واڵاکردنی دەرگاکانیان بەڕووی خوێندکاراندا.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، خاتوو (هۆزان حسێن) لێپرسراوی هۆبەی هەماهەنگی و ڕاهێنانی تواناکان پرێزنتەیشنێک لەسەر وردەکاری و ئامارەکانی پرۆگرامەکە پێشکەش کرا.

مەراسیمەکە بە دابەشکردنی بڕوانامە بەسەر خوێندکاران و نوێنەرانی کەرتی تایبەت و سەرپەرشتیارانی زانکۆ کۆتایی هات.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2026