زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

زانکۆی گەرمیان بەشدارە لە داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ هەماهەنگی نێوان زانکۆکان و کەرتی تایبەت

2026-03-31

بە ئامانجی دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان ناوەندەکانی خوێندن و بازاڕی کاردا، بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی گەرمیان بەشداری لە وۆرکشۆپێکی گرنگ بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ستراتیژی کرد.

ڕۆژی سێشەممە (٣١ی ئازاری ٢٠٢٦)، بە سەرپەرشتی (قوباد تاڵەبانی)، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی ڕێکخراوی (مید فاوندەیشن - MEED)، وۆرکشۆپێک لەژێر ناونیشانی (لە خوێندنەوە بۆ دامەزراندن) بەڕێوەچوو، تێیدا (م. ی. چنور مەحمود فتاح)، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) وەک نوێنەری زانکۆی گەرمیان بەشداری تێدا کرد.

ئەم هەوڵە وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەویش نەبوونی هەماهەنگی پێویستە لە نێوان زانکۆکان و بازاڕی کاردا، کارنامەی ئەم نەخشەڕێگایە جەخت لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی دەکاتەوە لەوانە، کەمکردنەوەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ، هەروەهاپەرەپێدانی هێزی کاری ناوخۆیی و ئامادەکردنی خوێندکاران بەو کارامەییانەی کە کەرتی تایبەت پێویستیەتی، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان ناچار نەبن پشت بە هێزی کاری بیانی ببەستن، دواتریش دروستکردنی تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان زانکۆ و پەیمانگا و خاوەنکارانی کەرتی تایبەت.

لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، زانکۆ و پەیمانگاکان لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەسەر نەخشەڕێگایەکی گشتگیر ڕێککەوتن، بەپێی ئەم پلانەش، لەمەودوا ناوەندەکانی خوێندن بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بازاڕدا، هێزی کاری شارەزا و ڕاهێنراو بەرهەم دەهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووری و دڵنیایی بەخشین بە خوێندکاران بۆ دەستکەوتنی هەلی کار لە دوای تەواوکردنی خوێندن.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2026