زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

لە زانکۆی گەرمیان پانێڵێک دەربارەی پرسی ئەنفال بەڕێوەچوو

2026-04-16

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتی (١٦ی نیسانی ٢٠٢٦)، کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی گەرمیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی، پانێڵێکی زانستی بەناونیشانی (ئەنفال لە کارەساتەوە بۆ لەبیرکردن؛ بۆچی ئەنفال ئاگایی لێ نەکەوتەوە؟) لە کەمپی سەرەکی زانکۆ ڕێکخست.

لە پانێڵەکەدا، (پ.د. ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستا و خوێندکاران ئامادەبوون.

پانێڵەکە لە دوو تەوەری سەرەکی پێکهاتبوو کە تێیاندا تیشک خرایە سەر ڕەهەندە ئەدەبی و نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکانی کارەساتی ئەنفال، تەوەری یەکەم لەلایەن (پ.ی.د. هەرێم عوسمان) بەناونیشانی (ئەدەب وەک خۆییکردنەوەی ئەنفالی ئەویتر) پێشکەشکرا.

بە وردی باسی لە ڕۆڵی ئەدەب کرد لە ئاست ئەم کارەساتە نەتەوەییەدا و تیشکی خستەسەر لاوازیی کایە و ژانرە ئەدەبییە کوردییەکان لە خزمەتکردنی پرسی ئەنفال بە شێوەیەکی قووڵ و گشتگیر.

لە تەوەری دووەمدا و بە ناونیشانی (ئەنفال وەک ڕابردوویەک کە تێناپەڕێت) لەلایەن (د. بێستون عەبدولکەریم) مامۆستای زانکۆی گەرمیانەوە پێشکەشکرا، لە بابەتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەنفال بکرێتە یادەوەری و خاڵی کۆکەرەوە و کۆژانێکی گشتیی بەردەوام؛ بەڵکو تەنیا لە ساڵیادی تاوانەکەدا وەک پرسێکی کاتی لە میدیا و نێوەندەکاندا بووەتە جێگەی باس.

لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان واڵا کرا و پرسیار و سەرنجەکان دەربارەی چۆنیەتی زیندووڕاگرتنی ئەم پرسە نەتەوەییە ئاڵوگۆڕ کران، لە کۆتاییشدا لەلایەن بڕوانامەی ڕێزلێنان بە پێشکەشکارانی پانێڵەکە بەخشرا.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2026