ڕۆژی یەکشەممە (١٩ی نیسانی ٢٠٢٦)، بە ئامادەبوونی (پ.د. ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، خولێکی زانستی تایبەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ئاشناکردنی توێژەران بە نوێترین تەکنیکەکانی نووسین و بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤارە جیهانییە باوەڕپێکراوەکاندا دەستیپێکرد.
مەراسیمی دەستپێکی خولەکە لە هۆڵی کەزی لە کۆلێجی پزیشکی بەڕێوەچوو، کە تێیدا (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و (پ.د. کۆمار نعمەت شەوکەت) ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت ئامادەی بوون.
خولەکە بە هەماهەنگی و سەرپەرشتی هەرسێ بەڕێوەبەرایەتییەکانی (خوێندنی باڵا و کاروباری زانستی، دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەکان، لەگەڵ سەنتەری پێداگۆجی) ڕێکخراوە.
لە مەراسیمەکەدا، (پ.ی.د. شێرزاد عەلی ئەحمەد) بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا و کاروباری زانستی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد ( ٥٥ ) مامۆستا و خوێندکاری خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) تێیدا بەشدارن.
ڕوونیشیکردەوە کە خولەکە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت و لەلایەن (٨) مامۆستای زانکۆی گەرمیانەوە وانەکان دەوترێنەوە، هەروەها وتیشی: "زانکۆی گەرمیان لە پلانیدایە بۆ داهاتوو خولی هاوشێوە بۆ خوازیاران و توێژەرانی دەرەوەی زانکۆش بکاتەوە”.
دواتر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "ئەم خولە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و گرنگی دەبێت لەسەر ژیانی ئەکادیمی توێژەران لە ڕووی بەرزکردنەوەی ناوبانگی زانستی و بەدەستهێنانی متمانەی ناوەندە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان، لە هەمان کاتدا ئەم هەوڵانە دەبنە هۆی درەوشانەوەی ناوی زانکۆمان و بەرزبوونەوەی پێگەکەی لە ڕیزبەندییە جیهانییەکاندا”.
