کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لەژێر ناونیشانی (بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە دووڕێیاندا) کە بە هاوبەشی زانکۆی گەرمیان و زانکۆی تۆرینۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا ڕێکخرابوو، کارەکانی خۆی بەسەرکەوتوویی کۆتاییپێهێنا.
کۆنفرانسەکە لە ڕۆژانی (٢٦ و ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٦) لە شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا و بە بەشداری ژمارەیەک لە پسپۆڕانی ئەکادیمی ڕۆژئاوا، ئەوروپا، پەرلەمانتارانی وڵاتانی ئەوروپی، تورکیا و عێراق بەڕێوەچوو، زانکۆی گەرمیان وەک یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی ئەم چالاکییە، بە شێوەی ئۆنلاین بەشدارییەکی کارای لە پانێڵ و گفتوگۆکاندا کرد.
شاندەکەی زانکۆی گەرمیان کە بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشداربوون، پێکهاتبوون لە (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و (پ.ی.د. سالار مەحمود محەمەدساڵح) بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و (پ.ی.د. ئاریان ڕەئوف عەزیز ) سەرۆکی بەشی سیستمی سیاسی و سیاسەتی گشتی و (م.ی.گۆران حسێن ئەحمەد) سەرۆکی بەشی یاسا.
لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا، کە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی تۆرینۆ، زانکۆی ڕۆژئاوا و چەندین دەزگای دیکە ڕێکخرابوو، چەندین پانێڵی زانستی بەڕێوەچوون، گفتوگۆکان تەوەرە گرنگەکانی وەک: پرسی کورد، مێژووی نەتەوەیی، گۆڕانکارییە ئایدیۆلۆژییەکان و پرۆسەکانی دووبارە پێکهێنانەوەیان لەخۆگرت، تیمی زانکۆی گەرمیان دیدووبۆچوونی زانستی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا خستەڕوو.
هاوکات، (م.ی. گۆران حسێن ئهحمهد) بە توێژینەوەیەکی زانستی بە ناونیشانی:
"Disarmament of Militia as an obstacle for peace in the Middle East"
(چەک داماڵینی ملیشیا وەک لەمپەر لەبەردەم ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست)
پێشکەشکرد و تیشکی خستەسەر ئاستەنگە یاسایی و سیاسییەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
ئەم بەشدارییەی زانکۆی گەرمیان لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆدایە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە زانستییە جیهانییەکان و ناساندنی دۆزی کورد لە ئاستە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکاندا.
