بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، بەشی یاسای زانکۆی گەرمیان بەشداری لە یەکێک لە گەورەترین و بەناوبانگترین پێشبڕکێ یاساییەکانی جیهان کرد و توانی ئەنجامێکی شایستە تۆمار بکات.
پێشبڕکێی دادگای گریمانەیی نێودەوڵەتی (Jessup International Law Moot Court Competition)، لە ڕێکەوتی (١٤ بۆ ١٧ـی شوباتی ٢٠٢٦) لە شاری هەولێر لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی عێراق بەڕێوەچوو.
پۆلێک لە خوێندکارانی بەشی یاسا بە سەرپەرشتی (م.ی. گۆران حسێن ئەحمەد) سەرۆکی بەشەکە، بەشداربوون لە چالاکییەکە، کە تێیدا خوێندکاران بە زمانی ئینگلیزی ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لەبەردەم "دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی" (ICJ) بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەکان.
لەو پێشبڕکێیەدا، زانکۆی گەرمیان توانی لەسەر ئاستی تەواوی زانکۆکانی عێراق پلەی پێنجەم بەدەستبهێنێت.
لە ڕووی ناوەڕۆکی لائیحە و شێوازی گفتوگۆی زارەکی، تیمی زانکۆی گەرمیان لە نێوان ( ٤٠ ) پێشکەشکار لەسەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی عێراق، ئاستێکی زۆر سەرکەوتووی نیشاندا.
ئەم دەستکەوتە زانستییە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشناکردنی خوێندکارانی زانکۆمان بە ناوەندە یاساییە جیهانییەکان و پەرەپێدانی تواناکانیان لە داکۆکیکردن و بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی لە بواری یاسای نێودەوڵەتیدا.
