زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

شاندێکی ئاژانسی GIZی ئەڵمانی سەردانی زانکۆی گەرمیان دەکات

2026-02-08


بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و تاووتوێکردنی پڕۆژەی هاوبەش، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٨ـی شوباتی ٢٠٢٦)، شاندێکی ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانی GIZ، سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیانیان کرد و لەلایەن (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا کە بە ئامادەبوونی (م.ی. چنور فەتاح) بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار (CDC) بەڕێوەچوو، (نایڵ ئاردیڵ) ڕاوێژکاری بەرەوپێشبردنی دامەزراندن و بەکارخستن لە ئابووری دیجیتاڵی عێراق لە ئاژانسی GIZ، کورتەیەکی لەسەر کار و پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.

لای خۆیەوە، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، جەختی لە گرنگیی دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان زانکۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردەوە. هەروەها ئاماژەی بەو بوارە جیاوازانە کرد کە زانکۆی گەرمیان و ئاژانسی GIZ دەتوانن تێیدا هەماهەنگی بکەن، بەتایبەت لە پڕۆژە و چالاکییە هاوبەشەکاندا کە ئامانجیان، پەرەپێدانی تواناکانی خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ و ڕەخساندنی هەلی کار و خولی ڕاهێنان بۆ گەنجانی ناوچەی گەرمیانە.

ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی گەرمیان دێت بۆ دابینکردنی باشترین دەرفەت بۆ خوێندکاران و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار.

دواتریش شاندی ئاژانسە ئەڵمانییەکە لە سەنتەری (CDC)، خولی ڕاهێنانی (داهاتوویەکی سەوز و دیجیتاڵ)یان بەسەرکردەوە، کە ژمارەیەک خوێندکار و دەرچوو و گەنجی گەرمیان بەشدارن تێیدا.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2026