ڕۆژی چوارشەممە (٤ـی ئازاری ٢٠٢٦)، (پ.د. ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بە ئامادەبوونی (د. هۆشیار عومەر حسێن) بەڕێوەبەری بەشی چالاکی وەرزشی و هونەری، پێشوازی لە یاریزانانی تیپی بالەی زانکۆ کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە یاریزانان و ستافی ڕاهێنەران کرد بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی شایستە لە خولێکی بالەی سەر ئاستی گەرمیان، وتیشی:” شانازی بەو ئێوەی گەنجی بەهرەمەندەوە دەکەین کە لەپاڵ خوێندنەکەتان، لە کایە وەرزشییەکانیشدا ناو و ناوبانگی زانکۆ بەرز ڕادەگرن”.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری بەشی چالاکی وەرزشی و هونەری کورتەیەکی لەسەر پێکهێنانی تیپەکانی (بالە، تۆپی پێ و تۆپی سەرمێز)ی خستەڕوو، و ڕایگەیاند کە مامۆستایانی پسپۆڕ لە بەشی پەروەردەی وەرزش ئەرکی ڕاهێنانی ئەم تیپانەیان گرتووەتە ئەستۆ.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆ بڕیاریدا بە دابینکردنی تەواوی پێداویستی و کەلوپەلە وەرزشییەکان بۆ تیپە جیاوازەکان، وەک هاندانێک بۆ بەردەوامی و بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر لە یاری و پاڵەوانێتییەکانی داهاتوودا.
