ڕۆژی یەکشەممە (٨ـی ئازاری ٢٠٢٦)، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی (پ.د. ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، (هۆڵی کەزی) وەک هۆڵێکی نوێ و مۆدێرن لە کۆلێجی پزیشکی کرایەوە.
لە مەراسیمەکەدا، هەریەکە لە (پ.د. عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و (پ.ی.د. سیروان محمد امین) ڕاگری کۆلێجی پزیشکی ئامادەبوون.
سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی ئاراستەی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەرمیان کرد بۆ گرتنەئەستۆی تێچووی پێداویستییەکانی ئەم هۆڵە، هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە سەرۆکایەتی زانکۆ بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی زیاتری پرۆسەی خوێندن و دابینکردنی پێداویستییە زانستییەکان.
(هۆڵی کەزی) کە بە شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمیانە ئامادەکراوە، پانتاییەکی گرنگ بۆ کۆلێجەکە دابین دەکات؛ بەجۆرێک لە یەککاتندا خوێندکاران دەتوانن وەک هۆڵی وانەوتنەوە بەکاریبهێنن، هاوکات بۆ ئەنجامدانی چالاکییە زانستی و ڕۆشنبیرییەکانی زانکۆش سوودی لێوەردەگیرێت.
