ڕۆژی پێنجشەممە (٥ی شوباتی ٢٠٢٦) نوێنەری زانکۆی گەرمیان بەشداریی لە گفتوگۆیەکی کراوە کرد کە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی سازکرابوو لەژێر ناونیشانی (ئاییندەی پێگەی کورد لە عێراق).
هەریەکە لە (پ.ی.د.ئاریان ڕەئوف عەزیز) سەرۆکی بەشی سیستمە سیاسییەکان و زانستی سیاسی و (پ.ی.د.یاسین ئاشور جەوهەر) مامۆستا لە بەشی ناوبراو، وەک نوێنەری زانکۆی گەرمیان بەشدارییان لەو چالاکییەکەدا کرد کە دەستەبژێرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و شارەزایان ئامادەی بوون.
لەو گفتوگۆیەدا تیشکخرایە سەر چەند تەوەرێکی ستراتیجی، لەوانە یەکڕیزی و گوتاری هاوبەش، لەوچوارچێوەیەدا جەختکرایەوە کە یەکڕیزی ناوخۆیی زامنی پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی عێراق. هەروەها تاوتوێی ئەو ڕێگایانە کرا کە دەبنە هۆکار بۆ گەشەپێدانی داخوازییەکانی گەلی کورد لە بەغداد.
بڕیارە تەواوی ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە لە توێژینەوەیەکی زانستیدا کۆبکرێنەوە تاوەکو ببێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان.
جێی ئاماژەیە، زانکۆی گەرمیان بەردەوام لە ڕێگەی پسپۆڕ و شارەزایانییەوە کار بۆ بەهێزکردنی لایەنی زانستی و ستراتیجی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا دەکات و ئەم بەشدارییەش لەو چوارچێوەیەدا دێت.
