بەهاوبەشی و هەماهەنگی زانکۆی گەرمیان و لە چوارچێوەی پرۆژەی (سەدەی بیستەم: سەردەمێکی درێژمەودای جەنگەکان، جیاکاری و چەوساندنەوە)، پێشەنگایەکی هونەری نێودەوڵەتی لەسەر ناساندنی زیاتری شاڵاوی ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزی کورد و گیانفیدایی پێشمەرگە لە وڵاتی ئیتاڵیا کرایەوە.
ڕۆژی یەکشەممە (٢١ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥)، (پێشەنگای ئەنفالکراو) لە هۆڵی گەلەری وەیت لە مۆزەخانەی دێل تۆریتۆی ڕیچیۆنی لە شاری ڕیچیۆنی کرایەوە و تا ناوەڕاستی مانگی (شوباتی ٢٠٢٦) بەردەوام دەبێت.
لەپێشەنگاکەدا (سەندرا ڤیلا) جێگری شارەوانی و ڕاوێژکاری کەلتوری ڕیچیۆنی و (سۆران ئەحمەد) سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتی کەلتوری کوردی و (ئێما پێتیتی) ڕاوێژکاری هەرێمی ئیمیلیا-رۆمانیا ئامادەبوون، هاوکات (ئەندریا تیرینکاتی) بەڕێوەبەری مۆزەخانەی دێل تۆرینتۆی ڕیچیۆنی وتارێکی پێشکەشکرد و گرنگی بەرزکردنەوەی یادەوەری سەدەی نۆزدە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی ئیمیلیا-رۆمانیا خستەڕوو .
هەروەها، (سێرینێلا مانچینی و لۆکا کۆلیڤا) لەڕێخکراوی (میساک، زانکۆی بۆلۆنیا) بەشداربوون، گرنگیان بە ئاشناکردنی ئامادەبووان بە گرنگی دۆزینەوەی ماددی و شوێنەوارییەکانی پەیوەست بە چوارچێوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمە خستەڕوو، کە نەهامەتی و ئازارەکانی کورد لە ماوەی سەدەی ڕابردوو و بە دیاریکراوی پرسی ئەنفال ڕوونکردنەوە.
پێشەنگاکە لە مۆزەخانەی دێل تۆرینتۆی ڕیچیۆنی بێبەرامبەر بۆ هاوڵاتیان کراوەیە و دواتریش لە زانکۆی بۆڵۆنیا و چەند ناوچەیەکی دیکە لە وڵاتی ئیتاڵیا پێشەنگاکە نمایش دەکرێت.
پێشتر و لە ڕێکەوتی (١٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) نوێنەرانی زانکۆی بۆڵۆنیا و مۆزەخانەی دێل تێریتۆریۆی ڕیچۆنی، سەردانی زانکۆی گەرمیانیان کرد و لە سەنتەری جینۆسایدی زانکۆ کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی کردنەوەی پێشەنگاکە و تەوەر و بابەتەکانی، هاوکات هەماهەنگیکردن لە ئامادەکردنی بەڵگەنامەی نوسراو، وێنەیی و ڤیدیۆییەکان بۆ پێشەنگاکە کرا.
