خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیان بە پرۆژەیەکی زانستیی داهێنەرانە، بەشداری لە سێیەمین خولی پێشەنگای (صنع فی العراق) لە شاری سلێمانی کردووە.
(بیلال عەبدوڵا محەمەد) خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی کیمیای کۆلێجی زانستە، بە پرۆژەیەکی داهێنەرانە بەناوی ( Algae Air) بەشداریکردووە لە پێشەنگای (صنع في العراق)، پرۆژەکە بریتییە لە دیزاینکردن و دروستکردنی سیستەمێکی پێشکەوتووی بایۆ-تەکنەلۆژی (Photobioreactor)، بیرۆکەی سەرەکی پڕۆژەکە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی قەوزە وردەکان (Microalgae) دامەزراوە بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا، ئەم سیستەمە بە شێوەیەکی زانستی دەبەسترێت بە سەرچاوەکانی دەردانی دووکەڵ وەک مۆلیدە و کارگەکان، و تێیدا قەوزەکان وەک فلتەرێکی بایۆلۆجی کاردەکەن؛ دووکەڵی ژەهراوی و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەمژن و لە ڕێگەی پرۆسەی ڕۆشنەپێکهاتنەوە دەیگۆڕن بۆ ئۆکسجینی پاک، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستی گشتی.
لایەنێکی دیکەی گرنگی ئەم داهێنانە، گۆڕینی کێشەی ژینگەییە بۆ دەرفەتی ئابووری، پاشماوەی ئەو قەوزانەی لەناو سیستەمەکەدا گەشە دەکەن؛ فڕێ نادرێن، بەڵکو لە ڕێگەی پرۆسەیەکی وردەوە دەکرێنە پەینی ئەندامی (Organic Fertilizer).
پێشەنگای (صنع فی العراق) گەورەترین پێشانگای بەرهەمەکانی عێراقە، چەندین بازرگان و خاوەن کار لە سەرانسەری عێراق لەماوەی چوار ڕۆژی پێشەنگاکەدا لە (٣ـی کانونی یەکەم تاوەکو ٦ـی کانونی ٢٠٢٥) سەردانی پێشانگاکە دەکەن.
پێشتریش خوێندکار (بیلال عەبدوڵا محەمەد)، بەشداری لە یەکەمین لوتکەی کارسازی سلێمانی کرد و ، توانی لە نێوان ( ١٣٣٤ )بیرۆکە و پڕۆژەی جیاوازدا، بەهۆی پتەوی بنەما زانستییەکانی پڕۆژەکەی و گرنگییەکەی بۆ ژینگەی ناوچەکە، وەک یەکێک لە (١٢٥) باشترین پڕۆژەکان هەڵبژێردرێت.
لە مانگی (ئابی ٢٠٢٥)، خوێندکارەکەی بەشی زانستی کیمیا، لە چوارچێوەی هاکاسۆن (پێشبڕکێی) خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان لە چوارچێوەی پرۆگرامی (بەیەکەوە بۆ بنیادنانی شارەکەم) کە لەلایەن کۆمپانیای (wedo) و بەسەرپەرشتی سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆی گەرمیان بە ئامادەبوونی قونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، پرۆژەی سیستمی بایۆ-تەکنۆلۆژی پێشکەشکرد و توانی ببێتە براوەی یەکەمی پێشبڕکێکە.
