ڕۆژی چوارشەممە (٢٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦)، بە ئامادەبوونی (پ.د.ئاراس فەریق زەینڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، پانێڵێک بەناونیشانی (نەخشەڕێگای نوێی چین لەنێوان ژیریی دەستکرد و وزە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا) ئەنجامدرا.
پانێڵەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆوە لە هۆڵی شێروانەی کۆلێجی زانست بەڕێوەچوو، تێیدا هەریەکە لە (پ.ی.د.سالار مەحمود محەمەدساڵح) بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان، (م.دەشتی عەلی ڕەشید) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و (م.ی.پشتیوان جەبار کەریم) سەرپەرشتیاری ناوەندی ژیریی دەستکرد و داهێنانی تەکنەلۆژی بەشداربوون.
لە پانێڵەکەدا، کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێجی زانست و ژمارەیەک لە مامۆستایان و بەڕێوەبەر و فەرمانبەران و خوێندکاران ئامادەبوون، (م.ی.پشتیوان جەبار) باسی لە ئەزموونی گەشتە زانستییەکەی خۆی کرد، کە لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵدا لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆماری چین ئەنجامیدابوو، تێیدا سەرنجی خستەسەر پێشکەوتنەکانی چین لە بواری ژیریی دەستکرد و ئەنجامی سەردانە مەیدانییەکانیان بۆ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەو بوارە.
دواتر، (م.دەشتی عەلی) تیشکی خستەسەر ناوەڕۆکی ئەو زنجیرە سیمینارانەی، کە لەماوەی (١٥) ڕۆژی گەشتە هاوبەشەکەیان لەگەڵ (پ.ی.د.سالار مەحمود) بۆ وڵاتی چین لە مانگی ئەیلولدا لە شارەکانی هاربین و بەیجین پێشکەشرابوون، ناوبراو ئەوەی ڕوونکردەوە، کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی (شی جێنپینگ) وەک سەرۆکی چین و ڕاگەیاندنی پرۆژەی «پشتێنە و ڕێگا» لە ساڵی (٢٠١٣)دا، سەردەمێکی نوێ لەو وڵاتە دەستیپێکردووە و لە بوارەکانی سیاسەتی دەرەوە، ئاسایشی وزە و ئابووریدا چووەتە قۆناغێکی گەشەسەندووترەوە.
پاشان، (پ.ی.د.سالار مەحمود) وێڕای باسکردن لە ئەزموونی کارکردنی چین و زانکۆکانیان لە بەگەڕخستنی وزە مرۆییەکان، هاوکات کار و پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و ناوەڕۆکی شاندکردنی ستافی زانکۆی لە چەند ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەکی شەفاف بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
بە ئاڵوگۆڕی بیروڕا و وەڵامدانەوەی پرسیار و تێبینییەکانی ئامادەبووان لەلایەن پانێڵیستەکانەوە، کۆتایی بە پانێڵەکە هات.
