پێشەنگایەکی هونەری لە وڵاتی ئیتاڵیا لەسەر کەیسی ئەنفال و پێشمەرگە؛ لەلایەن زانکۆی گەرمیان بەهاوبەشی مۆزەخانەی شارستانی گەرمیان و مۆزەخانەی دێل تێریتۆریۆی ڕیچۆنی ئیتاڵی دەکرێتەوە
ڕۆژی سێشەممە (١٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) کۆبونەوەیەک لە نێوان نوێنەرانی زانکۆی بۆڵۆنیا و مۆزەخانەی دێل تێریتۆریۆی ڕیچۆنی و زانکۆی گەرمیان لە سەنتەری جینۆسایدی زانکۆ بەڕێوەچوو، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەسەر تەوەر و بابەتەکانی پێشەنگاکە و هەماهەنگیکردن لە ئامادەکردنی بەڵگەنامە نوسراو، وێنەیی و ڤیدیۆییەکان بۆ پێشەنگاکە کرا.
هەر لە میانەی کۆبونەوەکەدا داواکرا هەر کەسێک تۆمار و بەڵگەنامەی نوسراو و وێنەیی و ڤیدۆیی لە لایە هاوکار و پشتیوانی لەسەرخستنی پێشەنگاکە بکات بە مەبەستی زیاتر ناساندن و بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفال.
پێشانگاکە بەشێکە لە پڕۆگرامی "سەدەی بیستەم: سەردەمێکی درێژمەودای جەنگەکان، جیاکاری و چەوساندنەوە. شوێنپێ هەڵگرتنی یادەوەرییەکان، کە لەلایەن هەرێمی ئێمیلیا-ڕۆمانیا (ئیتاڵیا) پشتگیری دارایی کراوە و بە هاوکاری لەگەڵ مۆزەخانەی دێل تێریتۆریۆی ڕیچۆنێ ڕێکخراوە.
چالاکییە هونەرییەکە لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی سێ مانگ لە مانگی (کانونی دووەمەوە) تاوەکو (نیسانی ٢٠٢٦) بەردەوام دەبێت، تێیدا تیشک دەخرێتەسەر ناساندنی مێژوو و کاریگەرییەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال بۆ سەردانیکەرانی ناوخۆیی و بیانی لە ئیتاڵیا.
پێشانگاکە وەک نمایشێکی فۆتۆگرافی و مەڵتیمیدیا داڕێژراوە، کە وێنەی مێژوویی، ڤیدیۆی دۆکیومێنتاری و زنجیرەیەک پانێڵی بابەتی لەخۆدەگرێت، ئەم کەرەستانە دیدێکی گشتی لەسەر کوردستانی عێراق، ڕۆڵی پێشمەرگە، قۆناغە جیاوازەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال، گەواهیدانی شایەتحاڵەکان، بەڵگەنامە ئەرشیفییەکان و هەوڵە هاوچەرخەکان بۆ پاراستنی یادەوەریی کولتووری پێشکەش دەکەن.
