بەمەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی باڵەخانەی کۆلێجی ئایینەکان، ڕۆژی سێشەممە (٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦)، بە سەرۆکایەتی (پ.د. ئاراس فەریق زینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، کۆبوونەوەیەک لە سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، (پ.د.عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایى و (م.سەباح محەمەد) بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان و (م.ئیدریس ژاڵەیی) سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی و لێپرسراوانی زانکۆ ئامادەبوون.
لەسەرەتادا، سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرهاتنی میوانان، جەختی لە گرنگیی پڕۆژەکە کردەوە و ڕایگەیاند: "ئامانجمان لە دامەزراندنی کۆلێجی ئایینەکان، پێگەیاندنی کادری پسپۆڕ و شارەزایە لە بواری ئایینی ئیسلام و ئایینەکانی دیکەدا، بەجۆرێک کە خزمەت بە پێکەوەژیان و هۆشیاریی گشتی بکەن و دووربن لە بیری توندڕەوی."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی باڵەخانەکە لەسەر ئەرکی خێرخوازان دەربڕیوە و زانکۆش زەوی پێویستی بۆ تەرخان کردووە.
دواتر، (د.فیکرەت لەتیف) لە ڕێگەی نمایشێکی (PowerPoint) وردەکاری دیزانی پرۆژەکەی خستەڕوو، بەپێی دیزاینەکە ڕووبەڕی گشتی پرۆژەکە (9124م) و لە سێ نهۆم پێکهاتووە، (٤٢) هۆڵی تایبەت بە وانەوتنەوە و کۆڕ و کۆبوونەوە لەخۆدەگرێت، هەروەها جێگای نوێژی تایبەت بە کوڕان و کچان بە ڕووبەڕی (٤٠٠م) بۆ هەر یەکێکیانی تێدایە.
هاوکات (پ.د.ئاراس فەریق زینەڵ) ئاشکرایکرد، لەئێستادا ڕەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ دروستکردنی باڵەخانەى کۆلێجی ئایینەکان لەسەر ئەرکی خێرخوازان وەرگیراوە و لەسەر ئاستی زانکۆش زەوی پێویست بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە و دیزاینیش ئامادەیە کە بیرۆکەکەی تێکەڵەیە لە کەلتووری ئیسلامی و کوردی.
لای خۆیانەوە، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان و سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ پڕۆژەکە دەربڕی و بەڵێنیاندا لە ڕێگەی خێرخوازان و سەرمایەدارانەوە هەوڵی جیدی بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بدەن، تاوەکو پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەکۆتاییشدا پاش گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا بۆ چۆنێتی دەستپێکردنی پرۆژەکە و باشتر بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکان، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەى باڵا و چەند لیژنەیەکی لاوەکی لە نوێنەرانی زانکۆی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان درا.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان ڕەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی وەرگرتووە، بۆ کردنەوەى بەشی زانستە ئایینییەکان، بەتەواو بوونی باڵەخانەکەش چەندین بەشی تایبەتمەند بەو کۆلێجە دەکرێنەوە.
