لە ڕۆژانی (٢٣-٢٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٥) شاندێکی زانکۆی گەرمیان بەشداری لە وۆرکشۆپی ڕاوێژکاری پرۆژەی ڕایز کرد، کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
شاندەکەی زانکۆی گەرمیان بە سەرۆکایەتی (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. محەمەد خەلیل ئیبراهیم) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، ئەندامێتی (پرۆفیسۆری یاریدەدەر سالار مەحمود) بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و (مامۆستای یاریدەدەر چنور مەحمود فەتاح) بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار بوو.
لە وۆرکشۆپەکەدا، ڕێکخراوی (UNIMED)ی ئیتاڵی و چەند زانکۆیەکی ئەوروپی لەگەڵ حەوت زانکۆی حکومی بەشداربووی پرۆژەکە بەشداربوون، تێدا ستراتیژی هاوبەش و نەخشەڕێگای هاوبەش بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و پێشخستنی بەنێودەوڵەتیکردن و توانای دامەزراندن خرایەڕوو.
پرۆژەی (RISE) کە لەلایەن ڕێکخراوی (UNIMED)ی ئیتاڵی بەڕێوەدەبرێت و یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی دارایی دەکات،
ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت و ئامانجەکانی بریتیین لە بەرزکردنەوەی توانای دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان لە ڕێگەی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە ئەکادیمیە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری پەرەپێدانی کار.