ڕۆژی سێشەممە (١٩ـی ئابی ٢٠٢٥)، (د.ئەیاد محەمەد عەلی) وەک سەرپەرشتیاری نوێی کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی گەرمیان دەستبەکاربوو.
هەریەکە لە (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پرۆفیسۆر د.عزەدین جمعە درویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی خوێندنی باڵا، لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرپەرشتیاری نویی کۆلێجی پزیشکیدا ئامادەبوون، لە وتەیەکدا (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سوپاس و دەستخۆشی لە (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) کرد کە ماوەی ڕابردوو سەرباری ئەرکی خۆی، وەک سەرپەرشتیاری کۆلێجەکە بە هاوبەشی لەگەڵ (د.بەختیار مەحمود حمەساڵح) یاریدەدەری ڕاگری کۆلێجی پزیشکی، بەشێوەیەکی زۆرباش ئەرکەکانیان ڕاپەڕاندووە.
هاوکات سەرۆکی زانکۆ، پشتیوانی سەرۆکایەتی زانکۆی بۆ سەرپەرشتیاری نوێی کۆلێجی پزیشکی دووپاتکردەوە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە کارگێڕی و زانستییەکە بۆ خواست.
د.ئەیاد محەمەد عەلی، ساڵی خوێندنی (٢٠٠٤-٢٠٠٥) بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی بایۆلۆجی (زانکۆی سلێمانی) بەدەستهێناوە، لە ساڵی (٢٠١٥) بڕوانامەی ماستەری لە (زانکۆی هاردفۆردشێر)ی وڵاتی بەریتانیا بەدەستهێناوە، لە ساڵی (٢٠٢٣) لە (زانکۆی سلێمانی) بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە.