ڕۆژی سێشەممە (١٢ـی ئابی ٢٠٢٥)، کونسولێ گستی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، سەردانی زانکۆی گەرمیانی کرد و لەلایەن یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و ڕاگری کۆلێجەکانی نێو کەمپی سەرەکی زانکۆ پێشوازی لێکرا.
سەردانەکەی (ئادریان ئایسلستین) کونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری، بەمەبەستی بەشداریکردن بوو لە هاکاسۆن (پێشبڕکێی) خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان لە چوارچێوەی پرۆگرامی (بەیەکەوە بۆ بنیادنانی شارەکەم) کە لەلایەن کۆمپانیای (wedo) و بەسەرپەرشتی سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچوو.
دواتریش هەریەکە لە (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کونسوڵی هۆڵەندا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ویدوو، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆی گەرمیان، وتەیان پێشکەشکرد و باسیان لە گرنگی پرۆژەکە کرد و جەختیانکردەوە کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی خوێندکاران بۆ پەرەپێدانی بیرۆکە و پرۆژە کارسازییەکانیان.
(ئادریان ئایسلستین) ئاماژەی بە گرنگی بواری کارسازی و دۆزینەوەی کێشە و چارەسەرکردنیان لەڕێگەی پرۆژەی کارسازییەوە کرد و وتیشی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆی گەرمیان و پرۆگرامی هاوشێوە بەردەوامی دەبێت.
هاکاسۆنەکە کە لە هۆڵی شێرکۆ بێکەس لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت ئەمجامدرا، بریتییە لە پێشبڕکێی چەند گروپێکی خوێندکاری زانکۆی گەرمیان کە هەر گروپێک و بیرۆکەیەکی کارسازی تایبەت بە خۆیان خستەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی ناوچەکە و لە لایەن لیژنەیەکەوە باشترین پرۆژە هەڵبژێردرا.
پرۆگرامەکە دەستپێشخەرییەکی کونسوڵگەریی هۆڵەندایە لە هەرێم و لە لایەن کۆمپانیای (ویدوو Wedo) جێبەجێ دەکرێت، بە سەرپەرشتی سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ. لە کۆتاییدا باشترین پرۆژەکان لەلایەن کۆمپانیای ویدوو، و وڵاتی هۆڵەنداوە پشتگیری ئەکرێن.
ئامانجی پرۆگرامەکە پشتیگیریکردن و ڕاهێنانی خوێندکارانی زانکۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی پرۆژەی کارسازییەوە.