زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان سەردانی زانکۆی گەرمیانی کرد

2025-07-07

بەمەبەستی فراوانکردنی بازنەی هاوکارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان تەندروستی گەرمیان و کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، ڕۆژی دووشەممە (٧ـی تەمموزی ٢٠٢٥) (د.محەمەد ئازاد) بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان سەردانی زانکۆی گەرمیانی کرد و لەلایەن (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆوە پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەئامادەبوونی هەریەک لە (پرۆفیسۆر د.عزەدین جمعە درویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا کە هاوکات سەرپەرشتیاری کۆلێجی پزیشکییە، بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و هاوکارییەکانی تەندروستی گەرمیان بۆ کۆلێجی پزیشکی کرا.

(پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ)، سوپاسی بەدەمەوەهاتن و پاڵپشتی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کرد بۆ کۆلێجی پزیشکی و ڕایگەیاند: بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە گرفت و پێداویستییەکانی کۆلێجەکە، بە فەرمانی زانکۆیی؛ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیانمان وەک ئەندامی ئەنجومەنی کۆلێجی پزیشکی دەستنیشانکردووە.

هاوکات جەختی لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی بنکەی تەندروستی زانکۆ لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خوێندکاران و ستافی زانکۆ کردەوە و لەوپێناوەشدا پێشنیاری گۆڕینی بنکە بۆ مەڵبەندی تەندروستی زانکۆ کرد، بەجۆرێک (٢٤) کاتژمێر خزمەتگوزاری پێشکەش بە چارەخوازان بکات.

هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆش باسیان لە پێویستی ستافی وانەوتنەوەی کۆلێجەکە کرد و داواکاربوون تەندروستی گەرمیان هەندێک لەپسپۆڕییەکانیان بۆ دابین بکات.

لایخۆیەوە (د.محەمەد ئازاد) بەڵێنیدا بە جدی کار لەسەر کردنەوەی مەڵبەندی تەندروستی زانکۆ بکات و وتیشی: هەوڵدەدەین توانا مرۆییەکانمان لە پسپۆڕییە پێویستەکان، بخەینە خزمەت کۆلێجی پزیشکی و هۆڵێکی تایبەتیش لەنێو نەخۆشخانەیەک وەک دیاری پێشکەش بە زانکۆی گەرمیان دەکەین، تاوەکو خوێندکارانی کۆلێجی پزیشکی بۆ وانەکانیان سودی لێببینن.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025