لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بۆ بوژاندنەوە و گەشەی زانستیی زانکۆ، توانرا ڕەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ کردنەوەی (٥) بەشی زانستیی نوێ وەربگیرێت.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و لەلایەن یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانەوە، پرۆپۆزڵی کردنەوەی (١٠) بەشی زانستیی نوێ ئامادەکرا و بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ دەزگای دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین بەرزکرایەوە، دواتر کردنەوەی بەشەکانی ( زانستە گشتییەکان لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت، خۆراک و خۆراکزانی لە کۆلێجی زانست، ژمێریاریی ئەلیکترۆنی، پەرپێدان و پلاندانانی شار، سیستمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی) بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) پەسەندکرا.
لە کۆبوونەوەیەکیدا (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، جەختی کردەوە بەکردنەوەی ئەو بەشانە دەرفەتی هەلی خوێندنی زیاتر بۆ خوێندکارانی گەرمیان و کوردستان دەڕەخسێنن و وتیشی: بۆ خزمەتکردنی زیاتری خوێندکارانی ناوچەکەمان، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کردنەوەی بەشی زانستی زیاتر؛ کە لەگەڵ ئەمڕۆی بازاڕی کاری کوردستان و پێداویستی سەردەم بگونجێت.
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بەناوی ئەنجومەنی زانکۆوە سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەریەک لە (د.ئارام محەمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و (د.محەمەد حسێن) بەڕێوەبەری گشتی دەزگای دڵنیایی جۆری وەزارەت دەکات، کە هاوکار و پاڵپشتبوون لە کردنەوەی بەشەکاندا.
جێگای ئاماژەیە، ماوەی زیاتر لە (٦) ساڵە هیچ بەشێکی زانستی لە زانکۆی گەرمیان نەکراوەتەوە و بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی خوێندنیش لەسەر ژمارەیەک لە بەشەکان، ژمارەی خوێندکارانی زانکۆکە بەرەو کەمبوونەوە چووە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕانکی زانکۆ و گەشەکردنی ھە بووە.