پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە (١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥)، خاتوو (شێری گراهام تاڵەبانی) سەرۆکی ڕێکخراوی سیید و شاندێکی هاوڕێی، سەردانی زانکۆی گەرمیانیان کرد و لەلایەن (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆوە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ڕاگری کۆلێج و بەڕێوەبەر و مامۆستایانی پسپۆڕ لە بوارەکانی (دەروونناسی، کۆمەڵناسی، ئابووری و یاسا) ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی کاری هاوبەش و دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا کرا.
(شێری گراهام تاڵەبانی) خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانیکردنی زانکۆی گەرمیان و کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی، بەتایبەت لەسەر ڕاهێنانی خوێندکاران لەبواری درووستی دەروونی و پشتگیری و ڕێنمایی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بە ئامانجی پێگەیاندن و پێشخستنی تواناکانیان.
هاوکات (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ)، ئامادەیی سەرۆکایەتی زانکۆی بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکی زانستیی هاوبەش دووپاتکردەوە.
دواتریش، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی گەرمیان و ڕێکخراوی سیید، لەلایەن خاتوو (شێری تاڵەبانی) و (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) واژۆ کرا.