ڕۆژی سێشەممە (٦ـی ئایار ۲٠۲٥) وۆرکشۆپێکی زانستی بەناونیشانی (ئاسۆیەک بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆی گەرمیان و زانکۆی بۆڵۆنیا) لەلایەن ئەندامانی پرۆژەی ئاسۆی کەلەپور لە هۆڵی شێرکۆ بێکەس/ کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت ئەنجامدرا.
ئەم چالاکییە زانستییە بە ئامانجی باسکردنی پرۆژەی (ئاسۆی کەلەپور-Heritage Horizons) و خستنەڕووی دەرئەنجامی کار و چالاکی و دەستکەوتەکانی پرۆژەکە بۆ زانکۆی گەرمیان و ناوچەکە بوو، لەنێویاندا ڕاهێنانی ئەندامانی پرۆژەکە لە وڵاتی ئیتاڵیا.
ئەم پرۆژەیە بە بناغەیەکی گرنگ بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆی بۆڵۆنیا لە ئیتاڵیا و ئەنجامدانی چەندین چالاکی دیکەی هاوبەش لەگەڵ زانکۆی ناوبراو لە ئایندەدا، دادەنرێت.
تەوەر و پێشکەشکارەکانی وۆرکشۆپەکە بریتی بوون لە:
- دریڤان جەلال عبداللە، لێپرسراوی هۆبەی بۆڵۆنیا پرۆسێس/بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەکان: (پرۆژەی ئاسۆی کەلەپور: بناغەیەک بۆ کاری هاوبەش و نێودەوڵەتی لەپێناو خزمەتکردن بەشوێنەوار و گەشتوگوزاری گەرمیان)
- پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئەحمەد محەمەد توفیق، مامۆستا لە بەشی بایۆلۆجی/کۆلێجی پەروەردە: (ئەزمون وەرگرتن لە بەشی میراتی کەلەپوریی زانکۆی بۆڵۆنیا و تاقیگە زانستییەکانیان)
- مامۆستا مەبەست عەلی محەمەد، مامۆستا لە بەشی مێژوو/کۆلێجی پەروەردە: (گرنگترین ئەنجام و دەستکەوتەکانی پرۆژەی ئاسۆی کەلەپور)
ئەندامانی پرۆژەکە جەختیان لە گرنگی ئەم جۆرە هەماهەنگییانەی نێوان زانکۆ و زانکۆکانی دەرەوە کرد و کاریگەریی جێبەجێکردنیانیان لەسەر دەڤەری گەرمیان بە گشتی و زانکۆی گەرمیان بەتایبەت بەرزنرخاند.
پڕۆژەی (ئاسۆی کەلەپور-Heritage Horizons) پرۆژەیەکی نێودەوڵەتی کورتخایەنی هاوبەشە لە نێوان زانکۆی بۆڵۆنیا، زانکۆی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری گەرمیان، نێردەی ئیتاڵیا بۆ مێژوو و شوێنەوار لە کوردستان (ناسراو بە میساک). پرۆژەکە بۆ ماوەی (۸) مانگە، لە سەرەتای مانگی (۱٠)ـی (۲٠۲٤)ـەوە دەستیپێکردووە و لە کۆتایی مانگی (٥)ـی (۲٠۲٥) بە ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتی لە زانکۆی گەرمیان کۆتاییپێدێت. ئامانجی پرۆژەکە خزمەتکردنی فرەلایەن و فرەڕەهەندە لە بواری میراتی کەلەپوری و گەشتیاری کەلتوری لە دەڤەری گەرمیان، بە هاوبەشیی لایەنی پەیوەندیدار و سوودوەرگرتن لە ئەزمونی نێودەوڵەتی، لەپێناو ڕێکخستنەوه و خزمەتكردن و پارێزگاريكردن لە شوێنە شوێنەوارییەکانی دەڤەرەکە و ناساندنيان وەك شوێنى گەشتيارى بەڕێگەی مودێرن.