ڕۆژی یەکشەممە (١٣ـی نیسانی ٢٠٢٥)، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆ گەرمیان، یاوەری (د.ئارام محەمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت بوو لە سەردانیکردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و مەزاری ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنە.
لەمیانی بەشداریکردن لە چالاکییەکانی فیستیڤاڵی هەفتە یادی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: بۆ ئێمە ئەمڕۆ ڕۆژێکە، پڕ لە هەستێکی تێکەڵاو لە خەم و شادی، خەمە بۆ یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال و هەوڵی قڕکردنی گەلەکەمان، هەستێکی خۆش و شادییە، کە ١٥ ساڵ لەمەوبەر و لەم ڕۆژەدا، بڕیاری دامەزراندنی زانکۆی گەرمیان درا،
دواتریش بڕیاری دامەزراندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەوڵێکی دیکەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵایە بۆ پەرەپێدانی ناوچەکە و بوژاندنەوەی.
وتیشی: ئێمە وەک زانکۆی گەرمیان، لەسەر خاکی ئەم ناوچەیە کە زۆرترین قوربانی بەرکەوتووە، بە ئەرکی سەرشانمان دەزانین کە لە ڕووی زانستی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە خزمەت بە کۆمەڵگە و بەتایبەتیش کەیسی ئەنفال بکەین.
هەر لەمیانی مەراسیمەکەدا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان قەڵغانی ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی زانکۆی بەخشییە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوەش وەک پێزانینێک لەبەرامبەر ڕۆڵی لە گەشەسەندنی زانکۆی گەرمیاندا.