ڕۆژی دووشەممە (١٠ـی ئازاری ٢٠٢٥)، بە ئامادەبوونی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، لە مەراسیمێکدا؛ دەستپێکردنی ڕاوندی هەشتەمی خولی پێداگۆجی لە زانکۆی گەرمیان ڕاگەیەندرا.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، (د.عومەر مەحمود) بەڕێوەبەری سەنتەری پێداگۆجی گرنگی خولەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو. دواتریش لە وتەیەکدا، سەرۆکی زانکۆئ گەرمیان ئاشکرایکرد لە حەوت ڕاوندی پێشووی خولی پێداگۆجی، نزیکەی (٣٠٠) فێرخواز بەشدارییان کردووە و لەم ڕاوندەش نزیکەی (٥٠) فێرخواز بەشدارن.
ڕاشیگەیاند: خولی پێداگۆجی یارمەتی مامۆستایان دەدات تا بتوانن تەکنیکە نوێیەکانی فێرکردن فێر ببن و پراکتیزەیان بکەن، ئەمەش دەبێتەهۆی باشتر کردنی کوالیتی وانەکان و زیادکردنی کاریگەری پرۆسەی فێرکردن.
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) جەختی لەسەر پشتیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری پێداگۆجی کردەوە و وتی: بەشانازییەوە لەنێو سەرجەم سەنتەری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و بە شایەتی خودی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەم سەنتەرەی ئێمە، یەکێکە لە نایابترین و باشترین سەنتەرەکان.
دواتر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، باسی لە بایەخی پێداگۆجی وەک میتۆدێکی هاوچەرخ لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن کرد و ڕایگەیاند: میتۆدە هاوچەرخەکانی پێداگۆجی جەخت لەسەر پەیوەندی باشتر لەنێوان مامۆستا و خوێندکار دەکەن، ئەوەش هۆکارە بۆ دروستبوونی ژینگەیەکی باشتر بۆ فێربوون و هاندانی خوێندکاران بۆ بەشداریکردنی چالاکتر لە پرۆسەی فێربوون.
ژمارەیەک لە مامۆستایان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی زانکۆی گەرمیان، ئامادەی مەراسیمەکە بوون.