مامۆستا (هاوار کەریم) توێژەری کۆمەڵناسی و فەرمانبەر لە سەنتەری گەشەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆی گەرمیان، نوێترین بەرهەمی زانستی خۆی لەژێر ناونیشانی (ئایین و سیاسەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا) بڵاوکردەوە.
کتێبەکە لە (٢٠٤) لاپەڕە پێکهاتووە و لەلایەن دەزگای (پۆلەتیک پرێس)ـەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، نووسەر تێیدا بە وردی تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندی نێوان هەردوو دیاردەی ئیمانداری و سیاسەتکردن لە باشووری کوردستان؛ هەروەها ڕۆڵی ئایینی ئیسلامی وەک بزوێنەرێکی کارا لە مێژووی سیاسیی کورددا پشکنیوە.
نووسەر لەم بەرهەمەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پیاوانی ئایینی (شێخان و مەلایان)، هەمیشە پێشەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بوون و خەباتی نەتەوەییان وەک ئەرکێکی ئایینی بینیوە.
هاوکات، کتێبەکە شیکاری بۆ فۆرمەکانی ئامادەیی ئایین دەکات لە کایەکانی ناسیۆنالیزم و هەڵبژاردن و سایکۆلۆژیای جەماوەردا و باس لە چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە بنەما ئایینییەکان دەکات بۆ پێشخستنی دۆزی کورد لە ئاستی ناوچەییدا.
لەپاش بڵاوکردنەوەی کتێبەکەش، (م.هاوار کەریم) سەردانی سەرۆکی زانکۆی گەرمیانی کرد و بەرهەمە نوێیەکەی وەک دیاری پێشکەش بە (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) کرد.
