لە پێناو پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی کادیری پەروەردەیی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ پڕۆسەی خوێندن لە کاتە سەختەکاندا، زانکۆی گەرمیان وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی لەژێر ناونیشانی "فێرکردن و فێربوون لە سەردەمی ململانێکاندا: پەروەردەی گشتگیر، تەندروستیی دەروونی، و شێوازە داهێنەرەکانی وانەوتنەوەی STEM" بەڕێوەبرد.
ڕۆژی سێشەممە (١٧ی ئازاری ٢٠٢٦) وۆرکشۆپەکە بەشێوەی ئۆنلاین لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (Google Meet) و بە بەشداریی زیاتر لە (١٢٠) کەس لە مامۆستایان، توێژەران و پسپۆڕانی بواری پەروەردە ئەنجامدرا. ئامانجی سەرەکی ئەم چالاکییە زانستییە بریتی بوو لە تیشکخستنە سەر ڕۆڵی ناوەندە ئەکادیمییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی خۆڕاگر.
وۆرکشۆپەکە لەلایەن سێ پسپۆڕی خاوەن ئەزموون پێشکەشکرا کە پێکهاتبوون لە: (پ.ی.د. کاروان کاکەبرا کاکەمەد) مامۆستا لە زانکۆی سۆران، (د. ئێبەنێزەر ئۆوسوو) مامۆستا لە زانکۆی نەزەربایڤ، و (د. هەڵمەت فایەق دەرویش) مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان. تێیدا تیشک خرایە سەر سێ تەوەری سەرەکی:
پەروەردەی گشتگیر: ستراتیژییەکانی دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی خوێندن بە هەموو قوتابییەک بەبێ جیاوازی.
پشتیوانی دەروونی-کۆمەڵایەتی: ڕێگەی زانستی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ باری دەروونی قوتابیان و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام.
پەروەردەی STEM: شێوازە داهێنەرەکان بۆ وانەوتنەوە لە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆجیا لە کاتە ناهەموارەکاندا.
ئەم وۆرکشۆپە کە لەلایەن (د. عومەر مەحمود) بەڕێوەبەری سەنتەری پێداگۆجی زانکۆمانەوە بەڕێوەبرا، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی گەرمیان بۆ هاوتەریببوونی لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکان.
