سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ژنانی کوردستان و گەرمیان دەکات و ئاشکراشیدەکات (٥٢) پۆستی کارگێڕی لە زانکۆکەدا لەلایەن کچان و ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.
لە پەیامەکەی سەرۆکایەتی زانکۆدا هاتووە “شانازی دەکەین بەو ڕۆڵە گرنگەی کە کچان و ژنان دەیگێڕن وەک مامۆستا، توێژەر، فەرمانبەر و خوێندکار. بەهرە و لێهاتوویی ئەوان سەرچاوەیەکی گرنگی پێشکەوتن و داهێنانە لە کۆمەڵگای ئەکادیمی و زانستی ئێمەدا”
ئاماژە بەوەشدەکات، پێنج بەڕێوەبەر و (١٢) لێپرسراوی هۆبە لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان لەلایەن کچان و ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن، لەسەر ئاستی کۆلێجەکانیش ڕاگرێک و یاریدەدەری ڕاگرێک و پێنج سەرۆک بەش و هەشت بڕیاردەری بەش و (٢٠) لێپرسراوی هۆبە، کچان و ژنان بەڕێوەی دەبەن.
هاوکات زانکۆی گەرمیان سوپاسی ئەو هەموو ژنانە دەکات کە بە هەوڵ و کاری بێوچانیان، بوونەتە هۆی بەرەوپێشبردنی زانکۆ و پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو، جەختیش دەکاتەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هێشتا ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە.