ڕۆژی پێنجشەممە (٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥)، بەبۆنەی ڕۆژی کەلارەوە، زانکۆی گەرمیان بە ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی زانستی و هونەری یادەکەی کردەوە.
بە ئامادەبوونی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ڕاگری کۆلێجەکان، لە هۆڵی شێروانەی کۆلێجی زانست لە نێو کەمپی زانکۆ، بەبۆنەی تێپەڕبوونی (٥٥) ساڵ بەسەر بەقەزابوونی کەلاردا، یادی ڕۆژی کەلار کرایەوە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی زانکۆ ڕێکخرابوو.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد شاری کەلار ناوچەیەکی دێرینە لە مێژووی کوردستاندا، لێرەدا چەندین شارستانییەت هاتوون و ڕۆیشتوون، هەریەکەیان بەشێوەیەک مۆرکی خۆیان لەسەر ئەم خاکە جێهێشتووە.
وتیشی: خۆڕاگریی خەڵکی کەلار لە سەردەمی سەختی و قەیرانەکاندا، نموونەیەکی بەرزە لە خۆڕاگریی گەلەکەمان. ئەم شارە لەگەڵ هەموو کارەساتەکانی ڕابردوو، لە ئەنفال و نەهامەتییەکان توانیویەتی سەر هەڵبڕێتەوە و ببێتە ناوەندێکی گرنگ لە ناوچەکەدا، ئەمڕۆ کەلار ناوچەیەکی گەشەکردووە کە ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەوێت، دامەزراندنی زانکۆی گەرمیان لێرە، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی ئەم شارە و بووەتە ناوەندی پەروەردەکردنی نەوەی نوێ.
(پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ)، ڕوونیشیکردەوە وەک سەرۆکایەتی زانکۆ، شانازی دەکەن بە هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران بەدەستیانهێناوە، لە بواری توێژینەوەی زانستی، خزمەتی کۆمەڵگە، کار و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان، زانکۆی گەرمیان توانیویەتی شوێنێکی تایبەت بۆ خۆی بکاتەوە، بەتایبەت ستافی ئەکادیمی زانکۆی گەرمیان بە توێژینەوە زانستییەکانیان، ڕۆڵیان هەبووە لە خزمەتکردنی ئەم شارە ئازیزە، بەتایبەت لە بواری مێژوو و جوگرافیا و کۆمەڵناسی و بوارەکانی دیکە.
دواتر چەند پارچە میوزیکێک لەلایەن گروپێکی هونەرییەوە پێشکەشکرا، پاشان هەریەک لە (د.ئەحمەد باوەڕ) و (مامۆستای یاریدەدەر سەباح عەلی جاف) و (م.مستەفا سەعید) لە سێ گۆشەی جیاوازەوە سیمیناریان لەبارەی مێژووی کەلار و کردنەوەی پەیمانگای تەکنیکی کەلار و کەسایەتییەکانەوە پێشکەشکرد.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، قەڵغانی ڕێزلێنانی زانکۆی گەرمیان پێشکەش بە (د.حسێن کەلاری) مامۆستا و پەروەدەکاری دیاری کەلار کرا، کە ماوەی چەندین ساڵە لەبواری پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵادا، خزمەتێکی بەرچاوی بە کەلار و پێگەیاندنی چەندین نەوە کردووە، بەڵام بەهۆی نەگونجاوی دۆخی تەندروستییەوە، نەیتوانی ئامادەی مەراسیمەکە ببێت و (هەڤاڵ ئەحمەد کەلاری)برازای، قەڵغانەکەی وەرگرت.