زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

لە زانکۆی گەرمیان گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی دیاردەی سەگی بێلانە کرا

2025-02-24

بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دیاردەی سەگی بێلانە لە کەلار، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆی گەرمیان وۆرکشۆپێکی زانستی بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەلار و گەرمیان ڕێکخست.

ڕۆژی دووشەممە (٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٥)، بەئامادەبوونی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پرۆفیسۆر د.عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و سەرۆکی شاروانی کەلار و نوێنەری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و کشتوکاڵی گەرمیان و قایمقامییەتی کەلار، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکوانانی بواری ژینگە، وۆرکشۆپێکی زانستی بەناونیشانی (چارەسەرکردنی دیاردەی سەگی بێلانە) لە هۆڵی شێروانەی کۆلێجی زانست بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: زانکۆ تەنها شوێنێک نییە بۆ وانەوتنەوە و پێدانی بڕوانامە، بەڵکو ناوەندێکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەییەکانی.

وتیشی: بە وردی ئاگاداری کێشەی سەگی بێلانە و کاریگەرییەکانی لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی هاوڵاتیانین لە ناوچەکەمان، ئەم کێشەیە پێویستی بە چارەسەرێکی زانستی و مرۆڤدۆستانە هەیە، بە شێوەیەک کە هەم پاراستنی مافی ئاژەڵان و هەم سەلامەتی هاوڵاتیان دەستەبەر بکات.

دواتر هەریەکە لە (د.ئارام ئەحمەد سەمین) پزیشکی ڤێتێرنەری و (د.کارزان محەمەد عەبدوڵا) پزیشکی ڤێتێرنەری و (د.بێستون ئەبوبەکر جەعفەر) پزیشکی ڤێتێرنەری، باسیان لە هۆکارەکانی زۆربوونی سەگی بێلانە و نەخۆشییەکانی گوازراوەکان لەڕێگەی سەگ و چۆنێتی چارەسەرکردنی سەگی بێلانە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێگای نەزۆککردن و خەساندنیان بە باشترین ڕێگەچارە زانی بۆ ئێستای ناوچەکە.

لە ئەنجامی وۆرکشۆپەکەدا، بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنرێت، کە هەریەکە لە زانکۆی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی گەرمیان و کەلار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەخۆبگرێت، بۆ دیاریکردنی شوێنێکی گونجاو وەک شەڵتەری سەگی بێلانە و سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی بەشێوەیەکی دروست.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025