ڕۆژی چوارشەممە (٢٩ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥)، مەراسیمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی بەرگی یەکەمی ئینسایکلۆپیدیای گەرمیان، ڕێکخرا کە لەلایەن زانکۆی گەرمیانەوە کۆکراوەتەوە.
لە مەراسیمەکەدا کە (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (دکتۆر ئاوات عومەر) سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان و خاتوو (سروە محەمەد) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و (پرۆفیسۆر د.عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و ڕۆشنبیر و نوسەرانی گەرمیان و مامۆستایانی زانکۆ ئامادەبوون، لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆ ڕایگەیاند: خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ هەمووان کۆبوونەتەوە تاوەکو خزمەتێکی دیکەى پڕبایەخی زانکۆی گەرمیان، بە ناوچەى گەرمیان و خەڵکەکەى بناسێنین.
هاوکات باسی لە ڕۆڵ و هەوڵەکانی هەرسێ سەرۆکی پێشوو و پێشووتری زانکۆی گەرمیان کرد لە هاتنەبەرهەمی ئەم پرۆژە گرنگە.
هەر لەمیانی وتەکەیدا (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) بەڵێنیدا بەردەوام بن لەسەر کارکردن و بەچاپ گەیاندنی بەرگەکانی دیکەى ئینسایکلۆپیدیای گەرمیان.
دواتریش (پرۆفیسۆر د.دارا حەمید) مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، کە ئەرکی کۆکردنەوە و سەرپەرشتیکردنی ئینسایکلۆپیدیای گەرمیانی لەئەستۆبوو، ناساندنی بۆ ئینسایکلۆپیدیاکە کرد و ئاماژەی بەوەدا بەرگی یەکەمی ئینسایکلۆپیدیاى گەرمیان لە دووتوێی دوو ژمارەدا، نزیكه‌ی 700 لاپه‌ڕه‌یە و ده‌یان بابه‌تی ئه‌كادیمی، گشتی، هه‌مه‌ڕه‌نگی تایبه‌ت به جوگرافیای گه‌رمیان له‌خۆده‌گرێت، وه‌ك: سنووری گه‌رمیان، سروشتی گه‌رمیان،دانیشتووانی گه‌رمیان، شاره‌كانی گه‌رمیان،ئاووهه‌وای گه‌رمیان، پیشه‌كانی گه‌رمیان، كانزا و سه‌رچاوه ئابووری و ئاوییه‌كانی گه‌رمیان،ده‌شت و به‌رزایی و شاخه‌كانی گه‌رمیان و ده‌یان بابەتی دیکە لەخۆدەگرێت.
لە بەرگەکانی دیکەدا، ته‌واوی بوار و لایه‌نه‌كانی مێژوو، شارستانییه‌ت و شوێنه‌وار، زمان و ئه‌ده‌ب و كه‌لتوور، ڕاگەیاندن و هونه‌ر و وه‌رزش له گه‌رمیان له خۆده‌گرێت.
لە کۆتاییشدا بڕوانامەی سوپاس و پێزانینی زانکۆی گەرمیان، بەسەر نوسەران و بەشدارانی ئینسایکلۆپیدیای گەرمیاندا دابەشکرا.