ڕۆژی یەکشەممە (٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥) ڕێکخراوی ئەمیدست (Amideast) بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆی گەرمیان، سیمینارێکی بۆ مامۆستایانی ناوەندی و ئامادەیی دەربارەی ناساندن و چۆنێتی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پرۆگرامی (فوڵبرایت) ئەنجامدا، کە تایبەتە بە بەشداریکردن لە خولێکی ئەکادیمی و پەروەردەیی لە ئەمریکا.
سیمینارەکە، بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر سالار مەحمود) بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و (مامۆستای یاریدەدەر چنور مەحمود فەتاح) بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار، لە هۆڵی (شێرکۆ بێکەس)ی کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت بەڕێوەچوو.
لە بڕگەیەکی تری سیمینارەکەدا، کە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆمان ئامادەیبوون، لە لایەن ستافی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، تیشک خرایەسەر بابەتی خوێندن لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئەو ڕێگایانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن لەو وڵاتە.
پرۆگرامی فوڵبرایت بۆ مامۆستایانی ناوەندی و ئامادەیی (٦) هەفتە دەخایەنێت و سەرجەم تێچووی سەفەر و مانەوە و بەشداریکردن لە ئەستۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت، لەم پرۆگرامەکەدا مامۆستایانی بەشەکانی (بیرکاری، زانست، زمانی ئینگلیزی، زمانە بیانییەکان، زانستە کۆمەڵایەتیەکان، ڕۆژنامەوانی، و پەیوەندییەکان) کە زمانی ئینگلیزی دەزانن و ئەزموونی مامۆستایی (٣) ساڵ و بۆ سەرەوەیان هەیە ئەتوانن بەشدار بن.
