ڕۆژی سێشەممە (٣١ـی ئازاری ٢٠٢٦)، لیژنەی باڵای زانکۆی گەرمیان بۆ پاڵپشتی تەکنۆلۆجیای زانیاری، بە سەرۆکایەتی (پ.د. عزەدین جمعە درویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی) زنجیرەیەک سەردانی مەیدانی بۆ سەرجەم کۆلێجەکان و بەشەکانی سەر بە سەرۆکایەتی زانکۆ ئەنجامدا.
لەم سەردانانەدا کە بە بەشداری ئەندامانی لیژنەکە (م.محەمەد یوسف شکور) یاریدەدەری ڕاگری کۆلێجی کۆمپیوتەر و (ئارام ئەحمەد عەلی) بەڕێوەبەری تەکنۆلۆجیای زانیاری زانکۆ و (پ.ی.د. نیگار مەحمود شەفیق و م.ی.شارا خەلیل عەبدوڵا) بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئەنجومەنی کۆلێجەکان بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان کۆبوونەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکاندا، لیژنەکە بە وردی توانای ژێرخانی ئەلیکترۆنی زانکۆی لەگەڵ ئەنجومەنی کۆلێجەکان تاوتوێ کرد و جەخت لەسەر گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیجیتاڵیکردن کرایەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، تیشک خرایەسەر نوێترین ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە ڕێکارەکانی تەواوکردنی پرۆسەی خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین و دیجیتاڵی.
لە کۆتاییدا پلانێکی تۆکمە داڕێژرا بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوازێک کە کواڵیتی زانستی خوێندن بە پارێزراوی بمێنێتەوە و لەهەمان کاتدا ئاسانکاری تەواو بۆ خوێندکاران دابین بکات تا بەبێ گرفت سوود لە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان وەربگرن.
