لە بواری مێژووی گەردوون و زەویدا بۆ زانینی کات و قۆناغ و چاخی گەردوونی و تەمەنی زیندەوەرە لە ناوچووەکان (بەبەردبووکان) کە ئاسەواریان ماوە ڕێگەی تایبەت ھەیە بۆ دیاری کردنیان، سەبارەت بە تەمەن یان مژووی بە بەردبووەکانی (الحفریات (Fossils) ئەو زیندەوەرانەی (روەک و گیانەوەر و مرۆڤ) کە لە کاتی جیاجیا لە ناوچوون و پاشماوەکانیان (بەشێک لە پێکھاتەی لەشیان) لە نێو چینە بەردینەکانی زەویدا پارێزراوە دەتوانرێت لە ڕێگەی کاربۆنی تیشکدەری ١٤ (Carbon isotope 14) C14 تەمەنیان یان سەردەمی لە ناوچونیان بە ساڵ بزانرێت. \r\n C14 گەردێکی ناجێگیرە لەبەرئەوی ژمارەی پرۆتۆنەکانی نایەکسانە لە گەڵ ژمارەی نیۆترۆنەکانی (٦ پرۆتۆن و ٨ نیۆترۆن ) بۆیە پێی دەوترێت تیشکدەر ، تەمەنی بە بەردبوەکان بە بەکارھێنانی رێژەی C14 دەخەمڵێنرێت، بەکارھێنانی C14 ھەڵایەکی گەورەی نایەوە ھەر لە سەرەتای بەکارھێنانیەوە لە لایەن زانای کیمیایی ئەمریکی ویلارد کیبی لە سالی ١٩٤٩ کە توانی زۆر بە وردی تەمەنی مادەی ئۆرگانی وەکو ئێسک و قژ (موو) و ڕوەک و خوری سروشتی دیاری بکات. کاربۆنی تیشکدەر بریتیە لە زڕتوخمی تیشکدەری کاربۆن کە بە C14 ناسراوە ئەمەش کاتێک دروست دەبێت کە تیشکە گەردوونیەکان (Cosmotic rays) بە چڕی بەر بەرگی ھەوای زەوی دەکەون کە ھەموو ڕۆژێک ڕوودەدات، كاربۆنی تیشکدەری ١٤ (C14) بە ھەمان شێوەی کاربۆنە ناتیشکدەرەکان (C12 و C13 ) رەفتار دەکات لە گەڵ ئۆکسجین O2 یەکدەگرن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن CO2 پێک دەھێنن، C14 و C12 لە لایەن ڕوەکەوە دەمژرێت لە کردای رۆشنە پێکاھاتندا (Photosynthesis ) و دەچێتە پێکھاتەی شانەانیەوە وە ڕوەک لە لایەن مرۆڤ و گیاندارەوە وەکو خۆراک بە کاردەھێنرێت بەو شێوە C14 دەچێتە لەشی ڕوەک و گیاندار و مرۆڤەوە، رێژەی C14 و C12 لە لەشی زیندەوراندا ھەمان ئەو رێژەیە کە لە ھەودا ھەیە کاتێک لە ژیاندا بن وە لە کاتی مردندا رێژەی C12 لە لەشی مردوەکەدا وەکو خۆی دەمێنێتەوە و کەم ناکات بەلام رێژەی C14 لە گەڵ تێپەڕبوونی کاتدا کەم دەبێتەوە چونکە شی دەبێتەوە بۆ N14 کە نایترۆجینێکی تیشکدەرە، رێژەی C14 لە مردوودا لە ماوەی ٥٧٣٠ ساڵدا کەم دەبێتەوە بۆ نیوە کە پێی دەوترێت نیوە تەمەن (Half-life) واتە رێژەی C14 لە مردودا بە نیوە کەم دەکات لە ماوەی ٥٧٣٠ ساڵدا، بۆیە دەتوانرێت رێژەی کاربۆن لە ڕوەکێکی بە بەردبوو دیاری بکرێت بە بەراورد لە گەڵ ڕێژەکەی لە روەکێکی زیندوو کە ئەوەش تەمەنی یان مێژووی روەکەکە دەردەخات ئەوەش دەکرێت بە سوتاندنی بەشێک لە ڕوەکە بە بەردبوەکە تاکو دەبێت بە گاز (دوکەڵ) وە بۆ ئەوەی ببێت بە گاز گەردەکانی C14 شی دەبێتەوە و دەگۆردرێت بۆ N14 لەو کردارەدا ئەلکترۆن دەردەپەرێت کە لە لایەن ئامێری دۆزەرەوەی تیشک (Radiation detecter) وەردەگیرێت و ئەژمار دەکرێت و تەمەنی پێ دیاری بکرێت، ئەم رێگەیە ئەنجامی وردی باوەرپێکراو بە دەست دەھێنێت لەو بە بەردبوانەی کە تەمەنیان لە ٥٠٠٠٠ سال تێناپەڕێت چونکە ھیچ رێژەیەکی کاربۆن نامێنێت ئەگەر لەو تەمەنە تێپەر کات. \r\nنمونه بۆ ئەژمارکردنی تەمەن:\r\nئەژمارکردنی تەمەن بە پێی ئەم ھاوکێشەیە دەکرێت :\r\nt=[Ln(Nf/No)/(-0.693)] xt1/2\r\nLn (Nf/No= لۆگاریتمی رێژەی C14 یە لە نێوان بە بەردبوەکە و زیندووەکە وە t1/2 = نیوە تەمەنی C14 کە ٥٧٣٠ سالە ، بۆ نمونە ئەگەر رێژەی C14 لە نێوان سامپڵی بە بەردبوەکە و زیندوەکە لە ١٠٪ بێت ئایە تەمەنی سامپڵەکە چەندە؟\r\nبە پێی ھاوکێشەکە :\r\nt = [ Ln (0.10) / (-0.693) ] x 5,730 سال\r\nt = [ (-2.303) / (-0.693) ] x 5,730 سال\r\nt = [ 3.323 ] x 5,730\r\nt = 19017 years old\r\nبە ھەمان شێوەی C14 دەتوانرێت زڕتوخمی تر به كار بھێنرێت بۆ دیاری کردنی تەمەن یان مێژووی بە بەردبوە زۆر کۆنەکان کە نیوەی تەمەنەنیان زۆر زیاترە لە نیوە تەمەنی C14 وەکو پۆتاسێم K40 کە لە لەشی مرۆڤدا ھەیە و نیوە تەمەنی بریتیە لە ١,٣ ملیار ساڵ و یۆرانێۆم U235 نیوە تەمەنی ٧٠٤ ملێۆنی ساڵە و U238 نیوە تەمەنی ٤,٥ ملیار ساڵە و ثۆریۆم Th232 نيوه تەمەنی ١٤ ملیار ساڵە و ڕۆبیدیۆم Rb87 نیوە تەمەنی ٤٩ ملیار ساڵە .\r\nئەوەی شایانی باسە ئەم رێگایانە ئەنجامی زۆر زۆر ورد بە دەست ناھێنن لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە بە ھۆی پەیدابوون و تاقی کردنەوەی چەکی تەتۆمی کە توخمی تیشکدەری تێدایە و کاریگەی ھەیە لە سەر رێژەی C14 ی کارپێکراو بۆ دیار کردنی تەمەن.