زانکۆی گەرمیان، وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە پڕۆژەی نێودەوڵەتیی (MOVE) کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پشتیوانی و سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری کەلار میوانداریی هاوبەشانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی پڕۆژەکەی کرد.
وۆرکشۆپەکە لە ڕۆژانی (٨ و ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) لە کەمپی سەرەکیی زانکۆ و بە ئامادەبوونی (پ.د.ئاراس فەریق زەینڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پ.ی.د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بەڕێوەچوو.
لە وۆرکشۆپەکەدا شاندی زانکۆ نێودەوڵەتییەکانی وەک زانکۆی کالێبرا (ئیتاڵیا)، زانکۆی مورسیا (ئیسپانیا) و دوو زانکۆی یەمەنی، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆش نوێنەرانی زانکۆکانی (سلێمانی، سەڵاحەدین و دهۆک) ئامادە و بەشداربوون.ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەی (MOVE) کە ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت، بەرەوپێشبردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن و بەستنەوەیانە بە لایەنی کردارییەوە. ئەنجامدانی ئەم وۆرکشۆپەش لە زانکۆی گەرمیان بەشی دووەمی کار و چالاکییەکانی پرۆژەکەیە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆوە سەرپەرشتی کرا.
لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: ئەم پرۆژەیە وەک وەرچەرخانێک دەبینین بۆ بەیەکگەیشتنی توێژینەوەی ئەکادیمی لەگەڵ کەرتە کردارییەکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ، کە دوو بەشی گرنگ و بڕبڕەی پشتی ئابووری و گەشەپێدانی ناوچەکەن، زانکۆی گەرمیان شانازی دەکات بەوەی، کە خاوەنی ستافێکی ئەکادیمیی شارەزا و چالاک و لێهاتووە لەم دوو بوارەدا.
وتیشی: ئاسۆیەکی ڕوون دەبینین بۆ توندوتۆڵکردنی زیاتری پێگەمان لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی یونیمید (UNIMED)، خۆمان بە هاوبەشێکی سەرەکی و ستراتیژی و هەمیشەیی ئەم ڕێکخراوە دەزانین و بەپەرۆشەوە دەڕوانینە داهاتوو بۆ ئەنجامدانی کار و پرۆژەی گەورەتر.
لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا، تاوتوێی ئاڵەنگاری و کێشەکانی کەرتی کشتوکاڵ و جێگیرکردنی شێوازی مۆدێرن و پێشکەوتوو لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا کرا، بەجۆرێک کە دەرچووانی بەشە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان، هەم لە ڕووی تیۆری و هەم لە ڕووی کردارییەوە شارەزایی تەواویان هەبێت و ئامادەبن بۆ بەشداریکردن لە بازاڕی کاردا.
لە بەشێکی وۆرکشۆپەکەدا، میوانداریی هەریەکە لە (شادیە حسێن) بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، (خالد حاجی عەلی) ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و خاوەنی کارگەی شیاو، بە هاوڕێیەتی نوێنەری سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی کرا.
